نەشتەرگەری چاندنی ددان لە چاودا (OOKP)، کە ناوە زانستییەکەی (Osteo-odonto-keratoprosthesis)ـە، ئەم نەشتەرگەرییە وەک دوا ڕێگا
بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاردەهێنرێت کە کوێربونی توندی چاویان هەیە، لەم دواییانەدا لە
کەنەدا بە سەرکەوتویی ئەنجامدراوە.
تەندروستی:KNNC
شێوازی
نەشتەرگەرییەکە بە جۆرێکە عەدەسەی پلاستیکی دەخرێتە ناو
ددانی نەخۆشەکە و دواتر ددانەکە لە چاوی نەخۆشەکەدا دەچێنرێت، ئەم نەشتەرگەرییە کە
چەند مانگێکی دەوێت و بە دوو قۆناغ ئەنجام دەدرێت، لەبەر ئەوەی پارچەی نەخۆشەکە خۆی بەکاردەهێنرێت،
ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە لە سەرنەکەوتنی.
پێگەی هەواڵی سی بی ئێس
کەنەدی، بڵاویکردوەتەوە؛ برێنت چاپمان کە هەردو چاوی کوێرە، یەکێکە لەو سێ کەنەدییەی
کە لەم هەفتەیەدا لە نەخۆشخانەیەکی کۆلۆمبیا بەریتانی نەشتەرگەری "ددان لە
چاو"یان بۆ کراوە.
ئەو ڕێکارە کە بریتییە لە دەرهێنانی یەکێک لە ددانی نەخۆشەکە کە
بەزۆری ددانی "کەڵبە" بەکار دەهێنرێت، و دواتر کوندەکرێت و عەدەسەیەکی تێدەکرێت،
دواتر ددانەکە بە تەواوەتی لە چاوی نەخۆشەکەدا دەچێنن.
نەشتەرگەرییەکە چۆن سەرکەوتو دەبێت؟
لەبارەی شێوازی کارکردنی ددانەکە و چۆنێتی سەرکەوتنی
نەشتەرگەرییەکە، دکتۆر گرێگ مالۆنی، پزیشکی چاو و نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ماونت
سانت جۆزێف لە شاری ڤانکۆڤەر دەڵێت؛ لەبەر ئەوەی مینای ددان ڕەقترین مادەیە کە لە
جەستەی مرۆڤدا هەبێت، تایبەتمەندییەکەی وای
لێدەکات ببێتە ڕوپۆشێکی باش بۆ بەستنەوەی عەدەسەی پلاستیکی بە چاوی نەخۆشەکەوە.
ئەو دکتۆرە دەشڵێت؛ لەبەر
ئەوەی ددانەکە لە جەستەی نەخۆشەکە خۆی وەرگیراوە،
ئەوا کارەکە ئاسانتر دەکات و نەشتەرگەرییەکە چانسێکی سەرنەکەوتنی زۆر زۆر کەم دەبێت.
دکتۆر مالۆنی، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ تیمەکەی سێ نەشتەرگەری
چاندنی ددانیان لە ناو چاودا ئەنجام داوە و دەڵێت هەمو نەشتەرگەرییەکان بە باشی بەڕێوەچون؛
بەڵام بە وردی چاودێری نەخۆشەکان دەکرێن و ئەمە نەشتەرگەرییەکی دەگمەنە و کەم کەس
ناوی بیستوە تەنانەت ئەوانەی پزیشکی چاویشن.
ناوبراو جەخت لەوە
کردوەتەوە، کە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە، وەک کۆتا ڕێگا بەکاردەهێنرێت بۆ
چارەخوازەکان، لە کاتێکدا هەمو بژاردەکانی تر شکستیان هێنابێت، هۆکارەکەشی بۆ ئاڵۆزی
نەشتەرگەرییەکە گەڕاندەوە کە کاتی زۆر دەخایەنێت و بە دو جار ئەنجام دەدرێت.
مالۆنی دەڵێت، بەهۆی ئاڵۆزی زۆری ئەم نەشتەرگەرییە، ئەم ڕێکارە
تەنها لەسەر یەک چاو ئەنجام دەدرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێکارە بە تەواوی بێ
مەترسی نییە و وەک هەر جۆرە نەشتەرگەرییەکی چاو هەمیشە ئەگەری توشبون بە هەوکردن و
لەدەستدانی تەواوی بینین هەیە، بەڵام نەشتەرگەرییەکە
دەیان ساڵە لە وڵاتانی دیکەش ئەنجامدراوە، لەنێویاندا بەریتانیا و ئوسترالیا، بە وتەی ناوبراو ڕێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە زۆرە.
1136 جار خوێندراوەتەوە