وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، گرفتی دواکەوتننی موچە هونەریی بوە و زۆرینەی لێکتێنەگەیشتنەکانی نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و عێراق، چارەسەر کراون.
هەواڵ:KNNC
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی وتەبێژی یەکێتی، کە وتبوی دواکەوتنی موچە بەهۆی زیادکردنی ناوی نوێیە بە ئاگاداری وەزارەتی دارایی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە: کێشەی دواکەوتنی موچەی مانگی تومموز هونەریی بوەن بەڵام بوەتە پرسێکی سیاسیی نێوان هەردو حکومەت.
وەزیری دارایی دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی لە کاتی خۆیدا لیستی موچە نێردرا، بەڵام بەغداد بە بیانوی فرە وەزیفی و دو موچەیی، کۆی گرفتەکانیان لە دوهەمین مانگی ئەمساڵەوە تا مانگی تەمموز کۆکردەوە و پێکەوە و بە پێنج نوسراو تێبینییەکانیان دایە هەرێم، لە کاتێکدا بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نابێت موچە بە هیچ پاساوێک ڕابگیرێت و ڕاگرتنەکەی لە دەرەوەی یاسا بو.
ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەش داوە، بەشێکی زۆری گرفتەکانی نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و ناوەند بەهۆی لێکتێنەگەیشتنەوە بووە و بەشیکی زۆری چارەسەرکراون و، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تا سەری ساڵ، لیستی موچە بەتەواوەتی پاک دەبێتەوە.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند: ئەو خانەنشینە سەربازییانەی گرفت لە هاوتاکردنی موچەکانیان هەبون هاوتادەکرێن و دەشڵێت: دەبێت تا کۆتایی ساڵ سەرجەم موچەخۆران خۆیان لە پڕۆسەی بە بانکیکردن تۆمار بکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم جەختی لە هاوتاکردنی موچە کردوەتەوە و وتویەتی: هاوتاکردنی موچە، کاتی دەوێت و ئەو خانەنشینە سەربازییانەشی ناوەکانیان بە هەڵە ڕۆیشتوە، ڕاست دەکرێنەوە و موچەکانیان هاوتای عێراق دەکرێت.
ئاماژەى بەوەش کردوە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردو حکومەتی هەرێم و ناوەند بە ناوی لیژنەی یەکخستنی ڕێکارەکان هەیە، کە کاریان یەکخستنی ڕێکار و هەنگاوەکانی خانەنشین و بە تایبەت پێشمەرگە و فەرمانبەرانە، چونکە یاساکانی هەرێم و عێراق جیاوازن.
لەبارەی بەبانکیکردنی موچەشەوە، ئاواتی شێخ جەناب رونیکردوەتەوە، هەژماری من سیتمیکی بانکییە و دەبێت تا کۆتایی ساڵ هەمو موچەخۆرێک خۆی لە سیستمی بەبانکیکردنی موچە تۆمار کردبێت و لە دوای ئەو وادەیە، موچە وەرگرتن بەو جۆرەی ئێستا نامێنێت و موچەخۆر خۆی بەرپرسیار دەبێت.
251 جار خوێندراوەتەوە