عێراق هەمو دەستدرێژییەک لە ناوەوە و دەرەوەى وڵاتەکەى رەت دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
12:41 - 06/08/2024
عێراق
+
-

شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق لەبارەى هێرشەکەى شەوى رابردو بۆسەر بنکەى عەین ئەسەد رایدەگەیەنێت؛ بە هەمو شێوەیەک هەر دەستدرێژییەک لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق رەت دەکەینەوە و جەختیش دەکاتەوە کە رێگە نادەن عێراق ببێتە شوێنى یەکلاییکردنەوەى ناکۆکییەکان.

 

هەواڵ:KNNC

 

شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق لە بەیاننایەکدا بڵاویکردەوە؛ جەخت پاراستنى سەروەریی و ئارامی خاکى عێراق دەکەینەوە و هەمو دەستدرێژییەکیش بۆسەر خاک و بەرژەوەندییەکان لە ناوەوە و دەرەوەى وڵاتەکە بە هەمو شێوەیەک رەت دەکەینەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە هەمو دەستدرێژییەک رەت دەکەنەوە کە لە هەر لایەنێکەوە بکرێتەسەر بنکەکانى عێراق، نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو شوێنانەى راوێژکارانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لێیە، یان هەر لایەنێک کە بیەوێت گرژیی لە ناوچەکە دروست بکات یان بیەوێت زیان بە بەرژەوەندى وڵاتەکانى دیکە بگەیەنێت.

 

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە زانیارى گرنگیان لەسەر ئەنجامدەرانى ئەم دەستدرێژییانە دەستکەوتوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکرێت و لایەنە کەمتەرخەکانیش لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

جەختیش کراوەتەوە کە هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ پارێزگاریی لە ئاسایشى عێراق و رێگە نادەن عێراق ببێتە شوێنى یەکلاییکردنەوەى ململانێکان و تێکەڵکردنى وەرەقەکان و راکێشان بۆ لێکەوتەى ناکۆکییەکان.



158 جار خوێندراوەتەوە