رێکخراوێكی نێودەوڵەتی: تا ئێستا هەزار و (300) منداڵی ئێزیدی بێسەروشوێنن

KNN : Kurdish News Network
04:52 - 01/08/2024
کوردستان
+
-

سەرەڕای تێپەڕبونی (10) ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شەنگال، تا ئێستا  نزیکەی هەزار و (300) منداڵی ئێزیدی بێسەروشوێنن.


هەواڵ: (KNNC)


ماڵپەڕی رێكخراوی بەهاناوەچونی منداڵان بڵاویكردەوە: لە ساڵی (2014)ـدا و لە هێرشێكی تیرۆریستی رێكخراوی داعش بۆسەر ئێزیدییەكان كە ژمارەیان لە (400) هەزار كەس زیاتر بون و دانیشتوی قەزای  شەنگال و ناوچەكانی دەروبەری بون، ژمارەیەكی زۆریان لێ كوشتن، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە؛ نیوەی ئەو كەسانەی داعش كوشتنی منداڵ بون.

 

رێكخراوەكە باسیلەوە كردوە، ژمارەیەكی زۆری دیكەی ئەو كەسانەی لەدەستی داعش رایانكردبو و چوبونە سەر چیای شەنگال، بەڵام بەهۆی كەمی خۆراك، ئاو و بڵاوبونەوەی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا، كەبەپێی خەمڵاندنەكان نیوەی ئەو كەسانەشی لەسەر چیاكە گیانیان لەدەستداوە منداڵ بون.

 

راپۆرتەكەی رێكخراوی بەهاناوەچونی منداڵان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ژمارەی بێسەروشوێنەكانی هێرشە تیرۆریستییەكە لە دو هەزار (700) كەس زیاترن، كە لەو ژمارە هەزار و (300) منداڵیان تێدایە، هەروەها بەپێی ئامارەكانی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ کە پاڵپشتی ئێزیدییەکان دەکات دوای دە ساڵ، نزیکەی (200) هەزار ئێزیدی ئاوارەن.

 

ماڵپەڕەكە راشیگەیاندوە: بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کۆچبەران، زۆربەی ئاوارە ئێزیدییەكان تا ئێستا بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، لە کەمپی ئاوارەبوندا دەژین و لە خزمەتگوزارییەكانی خوێندن و تەندروستی گشتی بێبەشن.

208 جار خوێندراوەتەوە