وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایدەگەیەنێت: بۆ رێگری كردن لە
پێشڕەویەكانی روسیا و بەهێزكردنی بەرگری ئۆكرانیا ناتۆ بڕیاری داوە هاوكاری
سەربازی پێشكەش بە كیێڤ بكات و لەو چوراچێوەیەشدا ژمارەیەك فڕۆكەی (F-16) رەوانەی ئەو
وڵاتە دەكرێت.
هەواڵ: (KNNC)
لە میانی کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ لە واشنتۆن ئەنتۆنی بلینکن،
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: بۆ بەهێزكردنی بەرگری ئۆكرانیا دژی هێرشەكانی
روسیا، وڵاتانی ناتۆ (هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی) دەستیان کردوە بە ناردنی فڕۆکەی جەنگی (F-16) كە ئێستا لەلایەن
دانیمارك و هۆڵەنداوە فڕۆكە بۆ ئەو وڵاتە دەنێردرێت و لەكۆتایی هاویندا فڕۆكەكان
دەخرێنە خزمەتی ئەو وڵاتەوە.
پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریكا رایگەیاندبو: بۆ رێگری
كردن لە پێشڕەوییە سەربازییەكانی روسیا هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا، دانیمارک،
بەلجیكا و نەرویج بەڵێنیان دابو كە یارمەتی سەربازی پێشكەش بەئۆكرانیا بكەن، لەو
چوارچێوەیەشدا، هۆڵەندا و دانیكارك ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیانکردوە بە گواستنەوەی ژمارەیەك
فڕۆکەی (F-16)
بۆ کیێڤ.
لای خۆشیانە بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا ئاماژەیان بۆ
ئەوەكردوە، ئەو فڕۆکە جەنگییان یارمەتی کیێڤ دەدەن بۆ وەڵام دانەوەی موشەکەکانی روسیا
کە شارەکان بە ئامانج دەگرن، هەروەها بۆ روبەڕوبونەوەی هێزەکانی مۆسکۆ و رێگری
كردن لە پێشڕەوییەكانیان.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشكرایكردوە، بەهۆی بەردەوام
شەڕی روسیا و ئۆكرانیاوە، بەردەوام ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی چەکی پێشکەوتویان بۆ
كیێڤ دابینكردوە.
راگەیاندنی پێشكەشكردنی هاوكارییە سەربازییەكان بۆ
ئۆكرانیا لەكاتێكدایە، لە دو رۆژی رابردودا سوپای روسیا گەورەترین هێرشی موشەکی بۆسەر
ناوچەیەكی نیشتەجێبون و نەخۆشخانەیەكی مناڵان لە شاری كیێڤ ئەنجامدابو كەبەهۆیەوە
زیاتر لە (33) گیان لەدەستدان و برینداربونی (100) كەسی دیكەی لێكەوتەوە.
512 جار خوێندراوەتەوە