پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لە چیای قەرەچوغ ئەنجامدا

KNN : Kurdish News Network
10:13 - 23/09/2022
کوردستان
+
-

هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچووغى سنووری قەزای مەخموورى باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەواو باکووری عێراق ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامیان دەدات، بۆ کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەی گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆریستانی لێ دەکرێت، رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لیوای ١٤ی پیادە، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچووغ ئەنجامداوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لیوای ١٤ی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی گاور، کەنداڵ، گردە شین، مەلا ئاغا و کەپەنەڕەش-یان لە بناری چیای قەرەچووغ کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئەمنی زیاترە بۆ ناوچەکە و دڵنیایی دانە بە خەڵک کە ناوچەکە ئارامە و ئاسایشی تەواو تیایدا بەرقەرارە.

138 جار خوێندراوەتەوە