وڵاتانی جیهان چۆن باسی مەرگی ژینا ئەمینی دەکەن؟

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 20/09/2022
ڕاپۆرت

گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە ناوخۆی ئێران و ناوەندە جیهانییەکانی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لە ئێران خۆپیشاندانی بەرفراوان بەردەوامە و رێکخراوە جیهانیەکانیش ئیدانەی روداوەکە دەکەن، حکومەتی وڵاتانیش بەشێوازی جۆراوجۆر بەیاننامەیان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردەوە.

ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت: لە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕینەکانی ڕۆژی دوشەممە لانی کەم سێ هاوڵاتیی کورد کوژراون و 221 هاوڵاتیی دیکەش بریندار بون، زیاتر لە 250 هاوڵاتیی کوردیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێنراون.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە 24 شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڵاتیان لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە مانیان گرتوە و لە 13 شاریش خۆپیشاندان و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچو.

کاردانەوەی روداوەکە وڵاتانی جیهانی هێنایە سەرخەت، لە نوێترین کاردانەوەشدا ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەو کچە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تویتێکدا نوسیویەتی:"ئەمریکا و گەلی ئێران خەمبارن بۆ گیان لەدەستدانی مەهسا.

بلینکن داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات "کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستماتیکیی ژنان" بهێنێت و "رێگە بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە" بدات.

لە وەڵامی قسەکانی ئەمەریکادا، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کەیسی ژینا [مێهسا] ئەمینی رایگەیاند:"لە بری رشتنی فرمێسکی تیمساحی، دەبێت ئەمریکا تیرۆر ئابورییەکەی دژی ئێران هەڵبگرێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرباری ئەوەی روداوەکەی بە دڵتەزێن ناوبرد، وتیشی: کە فەرمان بە لێکۆڵینەوە لەو مردنە تراژیدییە کراوە.

هاوکات یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا، کوشتنی ژینا ئەمینی ئیدانە کرد و وتی: "ئەوەی بەسەر ئەو هاتوە، جێگەی قبوڵ نییە و دەبێ بکەرانی بدۆزرێنەوە".

یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەکردوە، کە دەبێت بەرپرسانی ئێران لەوە دڵنیا ببنەوە کە مافی خەڵک دەپارێزرێت و ئەوانەی لە ژێر هەر ناوێک دەستگیرکراون، بە هیچ شێوەیەک هەڵسوکەوتی خراپیان لەگەڵ نەکرێت.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا داوای کردوە بەزوترین کات لێکۆڵینەوەی ئاشکرا بۆ دەرکەوتنی راستییەکان ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی "بێلایەن و کاریگەر" لە شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەکات کە ئێوارەی رۆژی 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لە لایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی "پابەندنەبون بە باڵاپۆشی" دەستبەسەرکرا و دواتر راگەیێندرا کە لەژێر ئازار و ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستداوە.

نەدا نەشیف، بەڕێوەبەری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان ئیدانەی ئەو هۆکارانە دەکات کە بونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات هەراسانکردن و دەستگیرکردنی ئەو ژنانە بوەستێنێت کە نایانەوێ لەچک بکەنە سەریان، هاوکات داوا لە هێزە ئەمنییەکانیش دەکات مامەڵەی توندڕەوانە لە دژی ئەوانە بوەستێنن کە دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 کە ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندوە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، هەمو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچو و بەشێک لە دانیشتوانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد، ئەوە جگە لەوەی خۆپیشاندانەکان گرژیان تێکەوت و بە پێی زانیارییە نافەرمییەکان، کوژرا و بریندار لە ناو خۆپیشاندەراندا هەیە. 

185 جار خوێندراوەتەوە