فەرماندەی پۆلیسی گەورەى تاران، بەرپرسی
پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی لەکارەکەى دورخستەوە، تا لێکۆڵینەوەی ورد و تەواو لەرووداوى
گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى دەکرێت.
رۆژنامەى هەمشهرى ئێران، بە فەرمانی سەردار
ڕەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی گەورەى تاران، عەقید میرزایی، بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی
تاران تا لێکۆڵینەوەی ورد و تەواو لە ڕەهەندەکانی گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى دەکرێت لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
سەردار رەحیمی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
وتى "لە بنکەی پۆلیسی ئەخلاقیدا هیچ شتێک بەناوی دەستبەسەرکردن نییە و
هاوکارانی راوێژکار لە هۆڵێکدا قسە بۆ ئەو خانمانە دەکەن کە لە بەر جل وبەرگی بێ حیجاب
بانگ کراونەتە بنکەکە و رێنوێنییان دەکەن کە دەبێ یاسای وڵات لەبەرچاو بگرن".
سەردار رەحیمی وتیشى "پێنج خانمی دیکە
و هاوکارێکی ئێمەش لەناو ئۆتۆمبێلى پۆلیسدا بوونە و ئەوانیش لەگەڵیا براونەتە بنکەی
پۆلیس و پێش دەستپێکردنی خولی فێرکاری هەر بەو جۆرە کە لە ڤیدیۆکەدا دیارە، مەهسا
ئەمینی پرسیارێکی لە خانمە هاوکارێکمان کردووە و لە کاتی قسە کردن لە گەڵ ئەودا حاڵی
تێکدەچێت و پۆلیس بە پەلە گواستیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت و ئەهلی، بەهیچ شێوەیەک
ئازاری مەهسا ئەمینی نەدراوە و دەبێ چاوەروانی راپۆرتی پۆلیسی دادوەری بین".
رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو (16-9-2022)
بڵاویکردەوە، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی
سێشەممە (13ی ئەیلولی 2022) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و
چووبووە دۆخى بێهۆشى، نیوەڕۆی هەینی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی
برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.
352 جار خوێندراوەتەوە