ئەو دکتۆرەى مقەستى لە ناو سکى نەخۆشێکدا جێهێشتووە راستییەکە بۆ (کەى ئێن ئێن) ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:54 - 11/09/2022
کوردستان
+
-

ئەو پزیشکەى کە تۆمەتبارکراوە بە جێهێشتنى مقەست لە سکى نەخۆشێکدا، سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت: ژماردنى مقەست کارى من نیە و وەزارەتى تەندروستى بێبەرى کردوم لە روداوەکە.

دکتۆرە فایزە سابیر، ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەرى بۆ ئەو نەخۆشەى کەرکوک ئەنجامداوە  لەبارەى راستى و دروستى جێهێشتنى مقەستەکە لە سکى نەخۆشەکە، راستییەکانى بۆ کەى ئێن ئێن ئاشکراکرد و رایگەیاند: ئەو نەشتەرگەرییەى ئەنجاممداوە نەشتەرگەرییەکى قورس بوو، چونکە گومان دەکرا نەخۆشەکە شێرپەنجەى هەبێت، یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان وتویانە بە 15 هەزار دۆلار نەشتەرگەرییەکەتان بۆ دەکەین، بەڵام لەبەر ئەوەى خێزانەکە هەژاربوون من بە سێ ملیۆن دینار نەشتەرگەرییەکەم بۆ ئەنجامدان".

وتیشى،" نەشتەرگەرییەکە سێ کاتژمێرى خایاند و چەندین مقەستمان بەکارهێنا بۆ وەستاندنى نەزیفى ئەو شوینانەى کە گرێى کردبوو".

رونیشى کردەوە، توانیویەتى گرێییەکى 35 سانتیمەترى بە کێشى حەوت کیلۆ لە سکى نەخۆشەکە دەربکەن.

ئەو دکتۆرەیە بۆ کەى ئێن ئێن راستى جێهێشتنى مقەستەکە بەم شێوەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: 10 مقەستمان بۆ داخستنەوەى برینەکان بەکارهێناوە و بەیاریدەدەرەکەم وت کە مقەستەکان بژمێرێتەوە، چونکە دەبێت ژمارەى مقەستەکانى پێش نەشتەرگەرى و دواى نەشتەرگەرى یەک ژمارەبن بۆ ئەوەى هیچ کێشەیەک رونەدات. بەڵام یاریدەدەرەکەم لە ژماردنەوەى دڵنیا نەبووە ئەوەش بووەتە هۆى جێهێشتنى مقەستەکە.

دکتۆرە فایزە رونیشى کردەوە کە وەزارەتى تەندروستى ئەوى  بەبێتاوان هەژمارکردوو، چونکە بە وتەى خۆى،" ژماردنى مقەست لاى یاریدەدەدەرى پزیشکە نەک پزیشک"، دەشڵێت" هیچ نوسراوێکى نەخۆشخانە و وەزارەتى تەندروستى بونى نیە کە ژماردنى مقەست لاى پزیشکە، بۆیە من بێتاوانم".

بەپێى زانیارییەکانى کەى ئێن ئین، کەسوکارى نەخۆشەکە سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام بە وتەى دکتۆرە فایزە، کەسوکارەکەى داواى قەرەبوى ماددى دەکەن.

7405 جار خوێندراوەتەوە