لەئێستادا، ئێرلینگ
هالاند بووەتە جێی باسوخواسی زۆرێک لە میدیا وەرزشییەکانی جیهان و بۆ ئەو مەبەستە
بەراوردی دەکەن بە هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی، بەڵام وەک دەڵێن ئەو
نەرویجییە تاکو دێت بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێت و لە دەستپێکى تەمەنیدا کەوتووەتە
شکاندنى ژمارە پێوانەییەکان.
لیۆ مێسی ئەرجەنتینی و
کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی تاکوئێستاش لەسەر عەرشی شانۆکانی تۆپی پێ ماونەتەوە،
بەڵام هەڵکشانی تەمەن بەرۆکی ئەو دوو یاریزانەی گرتووە و هێدی هێدی لە تۆمارکردنی
ژمارە پێوانەییەکان دوور دەکەونەوە.
شوێنگرەوەی ویلایەتەکانی
مێسی و رۆناڵدۆ کەوتووەتە دەست چەند ئەستێرەیەکی لاوی کیشوەرە پیرەکە و بۆ ئەو مەبەستە
سەرقاڵی چنینەوەی ئەو دەستکەوتانەن کە ساڵانێکە کوڕەکەی رۆزاریۆ و موشەکەکەى مادێرا
لەسەر خەرمانی ژیانە وەرزشییەکەیان کۆیان کردوەتەوە.
ئێرلینگ هالاند بە
نموونە، ئەو کوڕە نەرویجیە تەمەنی 22 ساڵە و ئاستێکی بەرز نمایش دەکات، بەو هۆیەوە
پیپ گواردیۆلای راهێنەر و زۆرێک لە هاندەرانی یانەکەی شاری مانچستەر هیوایان لەسەر
هەڵچنیوە و دەیانەوێت لەڕێگەیەوە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنن.
هالاند لە چامپیۆنس لیگدا
چەند ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە کە لە پێشتردا لیۆ و کریس نەیانتوانیوە تۆماری
بکەن، کە ئەو دوو ئەستێرەیە بە شازادەى شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان ناوزەد دەکرێن.
ئێرلنگ هالاند تەنها
22 بەهار تەمەنیەتی و تائێستا 89 گۆڵی لەسەرجەم خولەکاندا تۆمارکردووە، لە بەرانبەردا
مێسی لەو تەمەنەدا 54 گۆڵ و رۆناڵدۆی گۆڵکاریش 38 گۆڵی تۆمارکردبوو، کەواتە بە هەموو
پێودانگەکان هالاند وەک خوێنمژی بەردەم گۆڵپارێزەکان ناوی دەهێندرێت.
لە چامپیۆنس لیگدا
هالاند تەنها 20 یاریی ئەنجامداوە، بەڵام 25 گۆڵی تۆمارکردووە، میسی لە 20 یاریی سەرەتای
چامپیۆنس لیگدا تەنها 8 گۆڵی تۆمارکردبوو.
ئەگەرچی رۆناڵدۆ گۆڵكاری
مێژوویی چامپیۆنس لیگە و ژمارەیەکی گەورەیە، بەڵام لاتان سەیر نەبێت لە 20 یاری سەرەتای
ئەو پاڵەوانێتییەدا تەنها گۆڵێکیشی تۆمار نەکردبوو.
لەسەر ئاستی خولی نایابی
ئینگلتەراش هالاند وەک ژمارەیەکی نوێ خۆی ناساندووە و هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر
ژمارە پێوانەییەکانی محەمەد سەڵاحی گۆڵکاری یانەی لیڤەرپوڵ.
تائێستا تەنها شەش یاریی
لە خولی نایابدا ئەنجامدراوە و هێرشبەرە نەرویجیەکە 10 جار تۆڕی گۆڵی رکابەرەکانی
بەسەر کردووەتەوە و لە خانەی ریزبەندیییەکەدا پێشەنگی گرتووە.
لە بەرانبەر محەمەد سەڵاح
لە وەرزێکی تەواودا تەنها 32 گۆڵی تۆمارکردبوو، ئەوکات بۆ ئەو قژلولە میسرییە وەک
ژمارەی پێوانەیی هەژمار کرا، بەڵام ئەگەر هالاند لەسەر ئەو ئاستەی بەردەوام بێت، سەڵاح
و هاوڕێکانی بە ئاسانی تێدەپەڕێنێت.
هەرچەندە هالاند ئاماژەکانى تێکشکێنەرى
ریکۆردەکانى تێدا بەرجەستە دەکرێت، بەڵام شکاندنى ژمارەکانى دۆن و میسى ئەوەندەش
ئاسان نیە. چونکە گەیشتن بە 800 گۆڵ و زیاتریش کە دۆن تێیپەڕاندووە و میسیش نزیکى
بوەتەوە، کارێکە پێویستى بەتەمەنێک ئاستبەرزى و کۆڵنەدان و رکابەرییەوە هەیە.
هالاند بۆ ئەوەى ژمارەکان بشکێنێت دەبێت
ساڵانێکى زۆر لە ئاستبەرزى بەردەوام بێت و ماکینەى گۆڵەکانى نا بێت بوەستێت.
لەگەڵ ئەوەى هالاند دەستپێکێکى باشترى هەیە
لە سەرەتاى تەمەنیدا، بەڵام ئەگەر بەراوردى بکەیت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەوە
دەبینین کە رۆناڵدۆ نیوەى زیاترى گۆڵ و دەستکەوتەکانى لە دواى تەمەنى 30 ساڵى
چنیوەتەوە و کۆڵى نەداوە و نەوەستاوە. بۆیە ئەگەر هالاند ژمارە گەورەکان بشکێنێت
دەبێت لانیکەم تا تەمەنى 36 ساڵى لە ئاستبەرزى و گۆڵکردن بەردەوام بێت. بۆنمونە
هالاند بۆ ئەوەى بگات بە گۆڵەکانى ژیانى وەرزشى رۆناڵدۆ دەبێت تا 15 وەرزى
لەسەریەک لانیکەم هەر وەرزێک 49 گۆڵ تۆمار بکات ئەگەر رۆناڵدۆ هیچ گۆڵێکى دیکەش
تۆمار نەکات.
211 جار خوێندراوەتەوە