وەزیری سەدر،
داوای گۆڕینی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە سەرۆک وەزیران دەکات و داوایش دەکات لەپێناو
پاراستنی شکۆی دەوڵەت و دادگا، چەکدارانی حەشد لە ناوچەی سەوز بکرێنە دەرەوە.
ساڵح محەمەد عێراقی،
ناسراو بە وەزیری سەدر پەیامێکی توندی لەبارەی حەشدی شەعبی و سەرۆکەکەیەوە ئاراستەی
مستەفا کازمیی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرد و تێیدا داوای لێدەکات، فالح
فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بگۆڕێت چونکە بە وتەی، فەیاز، لەگەڵ ئەوەی کەسایەتییەکی
لاوازی هەیە، کاری حیزبایەتی دەکات و حەشدی شەعبی بە سیاسیی کردوە.
وەزیرەکەی سەدر،
حەشدی شەعبی تۆمەتبار کردوە بەوەی بونەتە مایەی هەڕەشە بۆ شکۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی
دادوەریی و دەڵێت: مانەوەیان لە ناوچەی سەوز، بوەتە هەڕەشەی جدیی بۆ سەر دادگا و تەنانەت
خودی کازمییش، بۆیە داوا لە کازمی دەکات، لە ناوچەی سەوز بیانکاتە دەرەوە.
هەر لە پەیامەکەیدا،
وەزیرەکەی سەدر داوا دەکات، بەهۆی ئەوەی کاری نایاسایی دەکەن لە دەروازە سنوریییەکان،
پێویستە هەژمونی حەشدی شەعبی لە دەروازە سنورییەکان، نەهێڵرێت.
2614 جار خوێندراوەتەوە