عێراق بۆ بەم رۆژە رەشە گەیشت... بۆچى سەدر پاشەکشەى کرد؟

KNN : Kurdish News Network
05:12 - 30/08/2022
ڕاپۆرت
+
-

پەیامەکەى دوێنێى موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر، بە وازهێنانى یەکجارى لە پڕۆسەى سیاسى عێراق، گڕى بەردایە توڕەیى لایەنگرانى و هەر زوو رژانە سەر شەقامەکان و کۆشکى کۆماریان کۆنتڕۆڵکرد و دواجار تا رۆژ بوەوە نزیکەى 400 کەس خوێن لەجەستەیان رژا.

زیاتر لە (10) مانگ بەسەر هەڵبژاردنى پێشوەختەى عیراقدا تێپەڕى، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ دەستپێشخەرییەکى لایەنەکان نەبووە خاڵى رێککەوتن بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ، ئەوەش بەهۆى ئەوەى نە موقتەدا سەرد رازیبو بەوەى دەستبەردارى بیرکردنەوەى حکومەتى زۆرینەى نیشتمانى ببێت و نە چوارچێوەى هەماهەنگى دەستبەردارى پڕۆژەى حکومەتى شەراکەتى نیشتمانى ببێت.

دواجار ئەو ململانێ و پڕۆژانە شکستیان هێناو، رەوتى سەدر کە خاوەنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى بوو لە پەرلەمان کشانەوە و لێرەشەوە کورسییەکانى پەرلەمان و هۆڵەکەى بون بە شوێنى مانەوەى لایەنگرانى سەدر و چیتر پەرلەمانتاران نەچوونەوە سەر کورسییەکانیان.

رۆژى دوشەممە، لە پەیامێکى چاوەڕواننەکراودا موقتەدا سەدر، پەیامى کۆتایى راگەیاند و بڕیاریدا بەیەکجارى لە پڕۆسەى سیاسى عێراق دوربکەوێتەوە، ئەوە بەسبوو بۆ ئەوەى لایەنگرە توڕەکانى بە کەمتر لە کاتژمێرێک دەستبگرن بەسەر کۆشکى کۆماریدا و دو لایەنگرى رەوتەکە لەسەر کورسى سەرۆک کۆمار دابنیشن.

شەوى رابردو، شەوێکى سەخت بوو، لە بەغدادى پایتەخت لە هەمولایەکەوە دەنگى تەقە و روبەڕوبونەوە دەبیسترا، تا رۆژ بویەوە 23 کەس لەلایەنگرانى سەدر خەڵتانى خوێنکران و نزیکەى 380 کەسى دیکەش بریندارکران. ئەمە بەپێى لێدوانى سەرچاوە تەندروستییەکانى عێراق، بەڵام تا نیوەڕۆى ئەمڕۆـ ژمارەى کوژراوان 30 کەسى تێپەڕاند و نزیکەى 700 کەسیش برینداربوون.

ئەمڕۆ سێ شەممە شەڕ و پێكدادان لە بەغدا نوێبووەوە، هاوكات ژمارەی كوژراوانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر سەركردەی شیعەكانی عێراق لە رۆژی بەردەوام بوو لە بەرزبونەوە و گەیشت بە سی کوژراو.


حکومەتی عێراق لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرجەم ناوچەکانی ئەو وڵاتە سەپاندووە و تا دوانیوەڕۆى ئەمڕ سێشەممە بەردەوام بوو، قەدەغەی هاتووچۆ ببوە هۆى ئەوەى فرۆشگاکان بە داخراویی مانەوە. شەقامەکان تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵ بوون، چەکدارەکان کەچەندین جۆرى تەقەمەنى و چەکیان هەڵگرتبوو، شەوێکى پڕ دەنگەدەنگیان بۆ بەغداد دروستکردبوو، لەو کاتەدا رێبەرى رەوتى سەدر مانگرتنى لە خواردن راگەیاندبو و چەندین بیناو بارەگاى لایەنە سیاسییەکانیش بە گڕى خۆپیشاندەران سوتێنران.

ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق پشوى فەرمى راگەیەنرابوو، هەمووان سەیرى عێراقیان دەکرد و پەیامى هێورکەرەوەیان دەنارد، ترس لە دروستبونى شەڕى ناوخۆیى باڵى بەسەر راگەیەنراوەکاندا کێشابوو، داواى دانبەخۆداگرتن و گەیشتن بەچارەسەر ناوەڕۆکى هەموو پەیامە ناوخۆیى و جیهانییەکان بوو، تا دواجار دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، موقتەدا سەدر هاتەوە بەردەم راگەیاندنەکان و بەڕستەیەک کە وتى،" بکوژ و کوژراوەکان دەچنە دۆزەخ"، ئاوێکى بەو ئاگرەداکرد کە بەهۆى ئەوەوە دروستبوو.

لە دواى ئەو پەیامەشەوە، یۆنامى و سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکى هەرێم و بەشێکى زۆر لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، ستاشى هەڵوێستەکەى سەدریان کرد و بە بەرگرتن لەشەڕى ناوخۆ وێنایان کرد.

هەندێک هەڵوێستەکانى سەدریان بە شکست و ئاشبەتاڵ وێناکرد و هەندێکیش وا پیشانیاندا کە ئەوە سەدرە بریار لەسەر ئارامى و نائارامى عێراق دەدات.

لەدواى کۆتا پەیامى سەدر، لایەنگران و لیژنەى خۆپیشاندانەکان، خێمەکانیان پێچایەوە و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتن، تەرمى 40 خۆپیشاندەریش خرانە گۆڕەوە و ئاڵاى عێراقیان بەسەردا درا.

لەبارەى دۆخى دو رۆژى رابردو و هەڵوێستەکانى موقتەدا سەدر، سەردار عەبدوڵا کە لە خولەکانى رابردودا ئەندامى پەرلەمانى عێراق بووە و لە ئێستادا چاودێرى دۆخى سیاسیى عێراقە بە (کەى ئێن ئێن)ى راگەیاند:،" ئەوەى دوێنێ رویدا پێمان دەڵێت، وەختێک دەگەینە بنبەست دەبێت دۆخى سەر زەوى بگۆڕین بۆ ئەوەى مامەڵەکان لەسەر مێزیش بگۆڕین، بۆیە ئەو ململانێى و شەڕەى دروست بوو بۆ ئەوە بوو کە ململانێى و بنەبەستەکان جارێکى دیکە بێنەوە سەرمێز و شەوى رابردوش بەنهێنى دەیان کۆبونەوە کراوە".

وتیشى،" ئەوەى سەدر پەشیمان بونەوە نیە و ئەو کۆمەڵێک ئامانجى هەیە، بەڵام ئەجێندانى سەدر جگە لە سەدر کەس نایزانێ، سەدر لە ساحەکە دەرناچێى یان ئەوەى دەڵێ شکستى هێناوە و ئاشبەتاڵە لێى تێنەگەیشتووە، نازانم بۆ قسەى وا دەکەن، سەدر دەیەوێت لەم قۆناغەدا ئەوە بپێکێت کە بڵێت من کەسێکى عێراقى نیشتمان پەروەرم و لەسەروى رەوت و فکرەکانەوەم، ئەو لێدوانەى ئەمڕۆش زیرەکانەترین دەستەواژەى سەدر بوو کە وتى "بکوژ و کوژراو دەچنە دۆزەخ"، ئەوە وادەکات لایەنگرانى ئەوانى تریش روى تێبکەن و ئەوانەى خۆشى دەمێننەوە.

سەردار عەبدوڵا پێى وایە، سەدر لەرێى پەیامەکەى ئەمڕۆیە، بانگەشەیەکى زیرەکانەى سیایەتى کرد، لە توڕەبونیدا و لە پەرۆشى بۆ خوێنى هەردولا  وێنەیەکى جیاوازى لە هەموو سەرکردەکان دیکە پیشاندا"

رونیشى کردەوە، موقتەدا لە دواى روخانى سەدامەوە خەون بە حکومى عێراقەوە دەبینێت و واز لە سیاسەت نایەنێت، قسەکانى ئەمڕۆشى 100 لە 100 ساسیى بوو".


ئامادەکردنى؛ وریا فەتاح

697 جار خوێندراوەتەوە