ئەو پیاوەی خەڵکی لە نەخوێندەواری رزگارکرد و خوێنەوارەکان حوجرەکەیان تەختی زەوی کرد

KNN : Kurdish News Network
09:35 - 21/08/2022
ڕاپۆرت
+
-

پیاوێک هەمو تەمەنی لە جەنگدا بو بۆ روبەڕوبونەوەی نەخوێندواری... سەدان کەس لەسەر دەستی ئەو فێری خوێندەواریی بون... هەمیشە دەیوت؛دەردی نەخوێندەواریی.. میللەتی کوردی لە جیهانی زانست و زانیاری دواخستووە، تا خوێندکارەکانی لای بوونایە، هەرگیز میوانی قبوڵ نەدەکرد.. بەڵام نەیزانی رۆژگارێک دێت خوێنەوارەکان .. دەست دەبەن بۆ یادگاریی و مێژوی شارەکە و  ئەو کەشتییەی کە ببوە فریادڕەسی سەدان کەس، تەختی زەوی دەکەن.

نەجمەدینی مەلا... کوڕی مەلا غەفوری مەلا عەلی مەلا ئیبراھیمە، باپیرە گەورەی لە کاتی دروستکردنی شاری سلێمانی و فەرمانڕەوایی بابانییەکاندا لەسەر خواستی «ئیبراھیم پاشا» لە قەڵاچوالانەوە ھاتووەتە سلێمانی و بووە بە مامۆستا لە مزگەوتێکدا.

نەجمەدین مەلا حەزی لە ژیانی مووچەخۆری نەکردووە بۆیە ماوەیەک بە بێ ئیش ‌و ماوەیەکیش بە ڕەنجی شان تەمەنی ھەرزەکاری بەسەربردووە.لە سلێمانی حوجرەیەکی لە شێوەی خوێندنگەیەکی تایبەتیدا کردووەتەوە بۆ فێرکردنی خوێندەواری، هەر لەو حوجرەیەشدا کە ناوی نابوو (قوتابخانەی کەشتیی نوح) کتێبخانەیەکیشی دامەزراندبوو، کە کتێب و ڕۆژنامە ‌و هەموو بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی تێدا دەفرۆشت.
مامۆستا نەجمەدین لەو قوتابخانەیەدا نزیکەی حەوت ھەزار کەسی لە تەمەنە جیاوازەکان لە نەخوێندەواریی ڕزگار کرد و ژمارەیەکی دیکەشی فێری زمانی فارسی کرد.

هەڵبەت مامۆستا نەجمەدین مەلا زۆر چاک زانیویەتی ئەوە دەردی نەخوێندەوارییە کە میللەتی کوردی لە جیهانی زانست و زانیاری دواخستووە، زۆر بە گەرمی و بە کوڵەوە پێشوازی قوتابیانی کردووە و ھەموو ڕۆژی تا پاش نوێژی خەوتنان لە (قوتابخانەی کەشتی نوح) وانەی بە قوتابییەکانی وتووەتەوە، ھەتا قوتابییەکانی لای بوونایە، هەرگیز میوانی قبوڵ نەکردووە.

ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی 23-4-1962 مامۆستا ھەروەکو نەریتی ڕۆژانەی، خۆی کرد بە چاپخانەی (ژین) دا و تاوێک دانیشت و چووە دەرەوە، ئیتر یەک دوو ڕۆژێک دوای ئەوە مامۆستا سەری ژین-ی نەدایەوە. کە ئەمە جێی سەرسوڕمانی کارمەندانی چاپخانە بوو، هەر بۆیە کەوتنە سۆراخکردنی، کرێکارانی ژین زۆر بە پەرۆشەوە وێڵی ھەواڵی مامۆستا بوون..کە دواتر دەرکەوت مامۆستا ھەر لە حوجرەکەی خۆیدا و بە بێکەسی کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا نەجمەدین مەلا، بەدەستوخەتی خۆی دیوان و بەرهەمەکانی گەلێک شاعیری پاراستووە، لەوانە دیوانەکانی حەمدی و مەولەوی و سالم و نالی و کوردی، گەلێک کەشکۆڵ و دەستنووسی دەگمەنیشی لەپاش بەجێماوە کە لە ئێستادا بوونەتە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە بواری ئەدەب و مێژووی کورددا.

دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە کۆچی دوایی، لەسەر وەسیەتی خۆی، ڕۆژی 2-5-1970 تەرمەکەی برایە چیای ئەزمڕ و جارێکی تر بە ‌خاک سپێردرایەوە، لە ئێستادا پەیکەری کەشتییەک وەک هێما بۆ (کەشتی نوح) لەسەر مەزاری مامۆستا نەجمەدین مەلا لە چیای ئەزمڕ دروستکراوە.

لە رۆژانی رابردوشدا لەگەرەکى سابونکەرانى سلێمانى بەناوى دروستکردنى بازارو مۆڵێکى مۆدێرن خانوەکەى نەجمەدینى مەلاروخێندرا، شوێنەوارى سلێمانى ئاشکرایدەکات  ئەو خانو و شوێنەوارە دێرینانە، لە زستاندا بەئەنقەست سەقفەکانیان کون دەکەن بۆئەوەى باران داى روخێنێت.

لەسلێمانى حەوت گەرەکى دێرین هەیە ئەوانیش گەرەکى مەڵکەندى ، سابونکەران، کانى ئاسکان، شێخان، دەرگەزێن، سەرشەقام وجولەکانن کە بەدەیان خانو وشوینى مێژووى تێدایە.ئەوەى ئەمرۆ بەرۆکى سلێمانى گرتووە دەست بردنە بۆ ئەو تاپۆرەشە بەنرخانەى کەخەریکە ماستەر پلانى سلێمانى لەنەخشەیەکى شارستانى شارەوە دەگۆرێت بۆ سلێمانیەکەى تەجاوز و فرۆشراو بەملیۆنان دۆلار.

82 جار خوێندراوەتەوە