کەی ئێن ئێن وردەکاری سێ خاڵی کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە
لەسەر یەکلاکردنەوە پۆستی سەرۆک کۆمار و دابەشکردنی پۆستەکان لە
نێوان خۆیاندا ئەمڕۆ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەنبەوە.
دوێنێ فوئاد حسێن سەردانی بافڵ تاڵەبانی کرد لە دەباشان، پارتی چەند
دەستپێشخەرییەکی خستە بەردەمی یەكێتی بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و
بڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەی لوتکەی ئەو دو حزبە بەڕێوە بچێت.
دوێنێ، فوئاد حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی بافڵ
تاڵەبانی کرد بۆ ئەوەی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکبکەون، بەپێی زانیارییەکانی کەی
ئێن ئێن، تا درەنگانی دوێنێ شەو لە دو
خولی کۆبونەوەدا نەگەیشتونە ئەنجام.
کەی ئێن ئێن زانیویەتی، پارتی پێشنیاری کردوە یەکێتی دەستبەرداری
پۆستی سەرۆک کۆمار بێت و لە بەرامبەردا زۆربەی پۆستەکانى بەغداد وەربگرێت و رێبەر
ئەحمەد ببێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام بێ ئەنجام بوە و بافڵ تاڵەبانی راستەوخۆ ئەو
پێشنیارەی رەتکردوەتەوە و پێی راگەیاندوە ناتوانن دەستبەرداری ئەو پۆستە ببن.
سەرچاوەکەى کەی ئێن ئێن ئاشکرایکرد، لە کۆبونەوەی دوەمدا، فوئاد حسێن
بە بافڵ تاڵەبانی راگەیاندوە: پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت بەڵام با کەسێکی
دیکە لە بری بەرهەم ساڵح کاندید بێت و لە بەرامبەردا پارتی پۆستە سیادییەکان
وەرگرێت.
لەو کاتەدا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، ئێمە کاندیدی خۆمان ناگۆڕین با
ئەو پرسە لە ناو هۆڵی پەرلەمان بە دەنگدان یەکلایی ببێتەوە.
لە کۆبونەوەی سێیەمدا، فوئاد حسێن بابەتێکی تازە بە یەکێتی وتوە
ئاماژە بە وە دەکات، خودی مەسعود بارزانی پێشنیاری رێککەوتنی ستراتیجی لەسەر
پۆستەکان بکەنەوە.
بەپیی ئەو پرۆژەیەی پارتی هەیەتی رێککەوتنەکە بەم شێوەیەیە، پۆستی
سەرۆک وەزیرانی هەرێم یان سەرۆکی هەرێم بۆ یەکێتی ببێت و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق
بۆ پارتی ببێت.
بەپێی زانیارییەکان چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ کۆبونەوەی نێوان بافڵ
تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە پیرمام ئەنجام بدرێت و لەسەر پێشنیاری سێیەم گفتوگۆ
بکرێت.
سلێمانی – بڕیار نامیق
10071 جار خوێندراوەتەوە