ناوچەى جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا کە تا
ئەمڕۆ 102 رۆژە بەهۆى جەنگەوە نائارامە، یەک لەسەر سێى گەنمى جیهان دابین دەکات،
بەشێوەیەک وەک گوزارشتێک ناویان ناوە سەبەتەى خۆراکى جیهان، بەڵام لەئێستادا بەهۆى
جەنگەوە بەرهەمى دانەوێڵە و گەنم توشى گرفتى گەورە بووە، ئەوەش وایکردووە
هەناردەکردنى قورس بێت و بەو هۆیەشەوە کاریگەرى لەسەر ئاسایشى خۆراکى زۆرێک لە
وڵاتان دروستکردووە.
کریستۆڤەر کاڤۆلی، فەرماندەی
باڵای هێزەکانی "ناتۆ" لە ئەوروپا، داوای لێک نزیکبونەوەى تەواوەتی کرد
بۆ کۆتایى پێهێنانى گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە، کە بوە بە
مایەى هەڕەشە لە کەم بونەوەى خۆراک لە جیهاندا و چەندین تەنگەژەى ترى سیاسى بە
دواى خۆیدا هێناوە.
کاڤۆلى ئاماژەشى بەوە
کرد کە کێشەى هەناردە کردنى دانەوێڵە لەوە دەرچوە کە تەنها بۆ ئۆکرانیا کێشە بێت بەڵکو
بوە بە مایەى سەر ئێشە بۆ تەواوى جیهان بە تایبەت بۆ ئۆکرانیا، چونکە ئۆکرانیا ڕێژەى
لە سەدا 10ى دانەوێڵەى جیهان دابین دەکات و کۆتایى ئەم مانگەش وەرزى دروێنەى گەنم لەو وڵاتەدا دەستپێدەکات.
لە سەرەتاى دەست پێکردنى
جەنگەکەوە کە 102 رۆژى تیپەڕاندووە، ڕوسیا سەرجەم عەمبارەکانى ئۆکرانیاى لەسەر دەریاى
ڕەش کۆنترۆڵ کردوە بەم هۆیەشەوە هەناردەکردنى گەنمى ئۆکرانیا وەستاوە.
بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەو ناوچەیەدا کۆسپی بۆ هەناردەکردنی نەک تەنها گەنم بەڵکو
بۆ کەلوپەلی دیکەی ئۆکرانیا دروستکردووە و زیانی بە بەکارهێنەران گەیاندووە و بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە جیهاندا بە تایبەت لە وڵاتە هەژارنشینەکاندا، هەموو جیهان کەوتوەتە مەترسییەوە
بەهۆی قەیرانی کەمی خۆراك و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی خۆراك.
لەم بارەیەوە مەحمود ئەلخولەیفی
توێژەر لە پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت: روسیا تۆمەتبارى سەرەکى نیە لێرەدا،
تۆپی تۆمەتبارکردن سەبارەت بە قەیرانی خۆراک هەندێک جار لە یاریگای روسیاوە دەگوازرێتەوە
بۆ یاریگای ئۆکرانیا و ئەوروپا.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەلخولەیفى وتی،" وڵاتانى ڕۆژئاوا روسیا تۆمەتبار دەکەن
و پێیان وایە روسیا هۆکاری سەرەکى قەیرانەکەیە، چونکە بەو هێرشەى بۆ سەر ئۆکرانیای دەستیپێکردووە
کە بوو بە هۆى ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی دانەوێڵە و نەوت بۆ وڵاتانی جیهان، لە بەرامبەردا مۆسکۆش ڕۆژئاوا بەوە تاوانبار دەکات کە بە کۆمەڵ سزایان بەسەر روسیادا سەپاندوە.
ئەم بارودۆخە زۆرێک لە
وڵاتانى جیهانى لە لێوارى کارەسات و مەرگ نزیک کردوەتەوە، چونکە سێ یەکى دانەوێڵەى
جیهان لەم دوو وڵاتەوە هەناردە دەکرێت، لەگەڵ نزیک بونەوەى وەرزى دروێنەشدا جەنگەکە دەبێتە
هۆى قوڵبونەوەى قەیرانەکان لە داهاتوودا، بە سەیركردنی ئامارە فەرمییەكان، بۆمان دەردەكەوێت
كە رێژەی هەناردەكردنی دانەوێڵە لە ئۆكرانیا بە بەراورد بە هەمان ساڵی رابردوو زیاتر
لە نیوە دابەزیوە.
ڕوسیا کە ڕووبەڕووی تۆمەتی
نێودەوڵەتی بووەتەوە بە هۆی دروستبوونی قەیرانی خۆراکەوە، دەڵێت"هیچ کێشەیەک
لە ناردنی دانەوێڵە لە ئۆکرانیادا نییە" و پێشنیاریش دەکات و دەڵێت "دەکرێت
لە رێگەی رۆمانیا و پۆڵەنداوە دانەوێڵەى ئۆکرانی هەناردەى وڵاتان بکات.
لە لێدوانەکانى ئەم
دواییانەیدا پوتین, جەختی لەوە کردەوە، روسیا ئامادەیە بۆ گەرەنتیکردنی
ئاسایشی هەناردەی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا و بەندەرەکانی دەریای ئازۆڤەوە.
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی
بەوەشدا، ئەو کەشتییانەى دانەوێڵە دەگوازنەوە دەتوانن بەبێ کێشە بپەڕنەوە
بە مەرجێک ئۆکرانیا بەندەرەکان لە مین پاک بکاتەوە و روسیا
لەکاتی پاککردنەوەی مینەکاندا هێرشى دەریایى ئەنجام نادات.
لە بەرهۆکارى زۆربونى
مەترسى بۆ سەر ئاسایشى خۆراکی جیهانی بەهۆی ململانێکانەوە، ئەمین عەوەز، رێکخەری نەتەوە
یەکگرتووەکان بۆ قەیرانەکان لە ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە کە رێکخراوەکەیان هەموو
هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئازادکردن و هەناردە کردنى ئەو دانەوێڵەی کە لە بەندەرەکانی
ئۆکرانیا لەسەر دەریای رەش گیریان خواردووە.
لەبەرامبەر ڕێگەدان بە
هەناردە کردنى دانەوێڵە و سەرجەم کاڵاکانى ترى ئۆکرانیا بۆ وڵاتانى جیهان، روسیاش
داوا دەکات لە وڵاتانى جیهان و بە تایبەتیش وڵاتانى ئەوروپا کە دەست لە سزادانى روسیا
هەڵبگرن و ئەو سزایانەش کە پێشتر سەپاندویانە بەسەریدا لایببەن.
ژەنەڕاڵێکى روسی دەڵێت:
چۆن دەکرێت دانەوێڵە هەناردە بکرێت بەهۆى ئەو سزایانەى بەسەرماندا سەپێنراوە، چونکە
ئاڵوگۆڕی بازرگانی و مامەڵە داراییەکان لە رێگەی سیستەمی "سویفت"ی جیهانییەوە
ئەنجام دەدرێت، کە ئەوروپا و واشنتۆن لە رێگەی سزاکانەوە مۆسکۆیان لەو سیستەمە جیاکردۆتەوە.
روسیا قەیرانی هەناردەکردنی
دانەوێڵە لە رێگەى بەندەرەکانەوە بۆ ئەو مینانە گەڕاندەوە کە ئۆکرانیا چاندونى، کە
ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە بارهەڵگرەکان دەکەن، بۆیە مۆسکۆ داوا لە کیێڤ دەکات ئەو
بەندەرانە پاک بکاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە لە هەمان کاتدا
پاراستنی ئەو هێڵانەش مسۆگەر بکات.
جگە لەوەى ڕووسیا و ئۆکرانیا
نزیکەی یەک لەسەر سێی گەنمی جیهانی دابین دەکەن، لە هەمان کاتیشدا ڕوسیا هەناردەکاری
سەرەکی پەینى جیهانە و ئۆکرانیا هەناردەکاری سەرەکی گەنمەشامی و زەیتی گوڵەبەڕۆژەیە.
311 جار خوێندراوەتەوە