لە ئەمساڵدا نزیکەی (10) شەپۆلی خۆڵبارین رویان لە عێراق کردوە و زۆربەی
جارەکان گەشتی فرۆکەکانی دواخستوە و هەزاران کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون بە
هۆی توشبون بە تەنگەنەفەسی و پیسبونی هەواوە.
هۆکاری سەرەکی خۆڵبارین تا ئێستا لەلایەن زانایانەوە نەزانراوە، بەڵام
بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان خۆڵبارین و نەمانی
سەوزایی و وشکبونەوەی زەوی هەیە ئەمەش وایکردوە گەردەلولەکان بەم دواییانە زیاتر
بن.
بەنەفشە کەینوش لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: گەردەلولی
خۆڵبارین و خۆڵبارین لەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە سەوزاییان کەمە و ئاماژەی
بەوەشداوە، بونی سەوزایی و دارستان رێگر دەبێت لە گەردەلول و رەشەبای بەهێز.
هاوکات، ئینریك تێرادیلاس، شارەزای کەشناسی و ئەندامی رێکخراوی کەشوهەوای
جیهانی رایگەیاند: زۆری خۆڵبارین پەیوەندی هەیە بە کەمبونەوەی ئاوی روبارەکان لە
عێراق و بەرنەدانەوەی لە لایەن ئێران و تورکیاوە کە چەند بەنداوێکیان لەسەر ئەو
ئاوانە دروست کردوە کە بەرەو عێراق دێن.
دەشڵێت: وشکبونی روبار و دەریاچەکانی عێراق و ئێران زەوییەکان وشک دەکەن و
توێژاڵی سەرەوە قڵیش دەبات و لەکاتی تێپەڕبونی ڕەشەبا بەشێك لەو خۆڵە لەگەڵ خۆی
دەبات و رێژەی خۆڵەکە لەگەڵ رەشەبایەکە زیاد دەکات و تەپ و تۆز بەرزدەبێتەوە.
بەهۆی گەردەلولەکانی خۆڵبارینەوە شازادە محەمەد بن سەلمانی سعودیە
رایگەیاند: ساڵانە نزیکەی (13) بلیۆن دۆلار زیان دەکەین و بڕیارمان داوە بۆ
روبەروبونەوەی ئەو دیاردیە (50) ملیۆن نەمام و دار بڕوێنین و گەورەترین پڕۆژەی بە
دارستان کردن لە جیهاندا دروست بکەین.
624 جار خوێندراوەتەوە