چیرۆکى ئەو کچەى موعجیزە ئاسا لە کارەساتى تەقەکردنى ناو خوێندنگەکەى ئەمریکا ڕزگارى بوو

KNN : Kurdish News Network
03:32 - 28/05/2022
هەمەڕەنگ
+
-

کچێکى رزگاربوى تەمەن 11 ساڵ لە کارەساتى قوتابخانەی سەرەتایی رۆب لە ئوڤالد لە تێکساس، لە ترسی ئەوەی کە چەکدارەکە نەیکوژێت، خۆى خەڵتانى خوێنى هاوڕێکانى دەکات تا وابزانێ ئەمیش کوژراوە.

میا سێریلۆ ئەو کچە یانزە ساڵەى کە لە روداوى تەقە کردنەکەدا رزگارى بوو بە دەرونێکى روخاوەوە قسەى بۆ دەزگاکانى راگەیاندن کردو وتى،" بکوژەکە نۆزدە خوێندکارى هاوپۆلى و دوو مامۆستاى کوشتوە".

دەشڵێت: لەو کاتەى کە لە پۆلدا دانیشتبوین لەگەڵ مامۆستاکانمان سەیرى فیلمێکمان دەکرد، چەکدارێک هەڵیکوتایە سەرمان، یەکێک لە مامۆستاکان هەوڵیدا دەرگاکە داخات، بەڵام لە پەنجەرەى دەرگاکەوە دەستى کرد بە تەقە کردن و خۆى کرد بە پۆلەکەدا.

 میا باسى لەوەشکرد، بکوژەکە چاوێکى لە مامۆستاکە داگرت و شەوباشى لێکردو فیشەکێکى پێوەناو کوشتى، پاشان مامۆستاکەى ترو دواتریش دەستى کرد بە کوشتنى خوێندکارەکانى دیکە کرد،

میا دەڵێت: گولـلەبارانى کردین، منیش شان و سەرم پارچەى بەرکەوت و پاشان بکوژەکە لە پۆلەکە چوە دەرەوەو مۆسقایەکى غەمناکى بە دەنگى بەرز پێ کرد.

میا و هاورێکەى دەست بەجێ دەست دەبەن بۆ مۆبایلى مامۆستاکەیان و پەیوەندى بە 911 وە دەکەن بۆ ئەوەى بە فریایانەوە بێن، لەو کاتەدا میا بیرۆکەیەکى بە مێشکدا هات ئەویش ئەوە بوو لە خوێنى هاوڕێ کوژراوەکانى خۆى خەڵتانى خوێن کرد بۆ ئەوەى کە بکوژەکە هاتەوە وا بزانێ ئەمیش مردوە. میا بە دەم گریانەوە وتى،" نازانم بۆ یەکسەر نەهاتن بە هانامانەوەو رزگارمان بکەن".

دایک و باوکى میا دەڵین، کچەکەیان توشى تێکچونى دەرونى بوەوەو ناتوانێت بخەوێت و داوا دەکەن هاوکارى بکرێن بۆ ئەوەى کچەکەبان لەو بارو دۆخە ڕزگارى بێت.

دایکى بۆ راگەیەندنەکان باسى لەوەکرد، دۆخى کچەکەى ئاسایى نیە، بە موعجیزە رزگارى بو لە لوێکى شێرپەنجەیى لە کاتى لەدایکبونى کە پزیشکەکان پێیان وتوە، لەو روداوەش دوبارە بە موعجیزە رزگارى بووە، بۆیە دایکى میا دەڵێت،" کچەمەم موعجیزەیە".

دایکى میا ئەوەشى خستەڕو، ئەو بەیانییەى روداوەکەى تێدا رویدا، میا بەهۆى ئازارى گوێیەوە لە خوێندنگە مۆڵەتى وەرگرتوە و بردویەتى بۆ وەرگرتنى چارەسەر، دواتر میا پێداگرى کردووە کە دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنگە و وتویەتى، کۆتا رۆژەکانى خوێندنگەیەو تەنها سەیرى فیلم دەکەن. بەڵام بێ ئاگا لەوەى دەبێتە رزگاربویەکى ناو روداوێک کە لە هەموو فیلمەکان ترسناکترە.

رۆژى (25)ى ئەم مانگە، چەکدارێک هێرشى کردە سەر قوتابخانەیەک لە باشوری ئەمەریکا و تێیدا 22 کەس کوژران، لەنێو کوژراوەکاندا، 19 یان منداڵ و سێ کەسیان گەورە بوون.

1208 جار خوێندراوەتەوە