دکتۆر.داهات حەوێزى: ماسک بەستن لە ئێستادا گرنگترە وەک لە سەردەمى کۆرۆنا

KNN : Kurdish News Network
11:03 - 16/05/2022
تەندروستی

پسپۆڕێکى نەخۆشییە هەناوییەکان، مەترسییەکانى خۆڵبارین دەخاتەڕو و دەڵێت: ماسک بەستن لە ئێستادا گرنگترە وەک لەسەردەمى کۆرۆنا.

دکتۆر.داهات حەوێزى، پسپۆڕى نەخۆشییە هەناوییەکان بە دیجیتاڵ میدیاى (کەى ئێن ئێن)ى راگەیاند: ئەو شەپۆلە چڕەى خۆڵبارین، بەتایبەت كاریگەرى لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە نەخۆشى رەبۆ یان هەستیاریان هەیە، یان ئەوانەى حەساسییەتى قوڕگ و پێستیان هەیە.

دەشڵێت: کاریگەرییەکە بەتایبەتیش لە منداڵان و بەساڵاچواندا دەردەکەێت و زۆرجار دەبێتە هۆى تەنگەنەفەسى و پژمە و حەساسییەت و رەنگە هەندێکیان پێویست بکات بخرێنە نەخۆشخانە.

داهات حەوێزى پێى وایە، ئەو شەپۆلە چڕە نەک خەڵکانى نەخۆش، بەڵکو زیانى بۆ کەسى ئاسایش هەیە، بۆیە پێویستە ماسک ببەستن و ئەگەر زۆر پێویست نەکات نەیەنە دەرەوە.

جەختیش دەکاتەوە،" ماسک بەستن لە ئێستادا، گرنگترە لە ماسک بەستنى سەردەمى کۆرۆنا، چونکە ئەوکات ماسک بەستن بو بۆ رێگریکردن لە ئەگەرى بەرکەوتن لەگەڵ توشبویەک، بەڵام ئەم خۆڵبارینە ئەگەر نیە و راستەوخۆ بەرى دەکەویت".

حەوێزى رونیشى دەکاتەوە، خۆڵى خۆڵبارین زۆر وردە و ئاسان دەچێتە بۆڕى هەناسەدانەوە، جیاوازە لەو خۆڵەى بەهۆى تەپوتۆزەوە دروست دەبێت و ماوەیەکى کاتییە و دێت و دەڕوات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شەوى رابردووەوە لە عێراق و لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە لە هەرێم، شەپۆلێکى چڕى خۆڵبارین دەستیپێکردوە و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکانى سلێمانى و نەجەف و بەغداد گەشتە ئاسمانییەکانیان راگرت، تاقیکردنەوەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لەعێراق دواخران و لە پێنج پارێزگاش پشوى فەرمى راگەیەنرا.

178 جار خوێندراوەتەوە