دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان تۆمەتبار دەکات بەوەی، نایەوێت حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت و دەشڵێت: سودی لە مانەوەی حکومەتەکەی مستەفا کازمیدایە.
وائیل روکابی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان کە پێکهاتوە لە رەوتی سەدر، پارتی و هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکان، هیچ دەستپێشخەرییەکی جدییان نییە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوی سیاسی و وتیشی: ئەو هاوپەیمانێتییە، نایەوێت حکومەت پێکبهێنرێت.
روکابی، هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان تۆمەتبار دەکات بەوەی، سود لە مانەوەی دۆخی وڵات دەبینن بەو شێوەیەی ئێستا و هەژمونی خۆیان سەپاندوە بەسەر پەرلەماندا و حکومەت و بڕیارەکانیشی هەر لەبەرژەوەندیی ئەواندایە و تەنانەت پۆستە جێبەجێکارەکانیشیان خستوەتە خزمەتی خۆیانەوە.
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا، جەحتیشی کردەوە لەوەی، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی پشتگیریی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن، رو لە زیاد بونە و رۆژانی داهاتوش نەخشەی سیاسیی وڵات زیاتر رون دەبێتەوە لەپێناو تیپەڕاندنی ئەو دۆخەی تێی کەوتوە.
180 جار خوێندراوەتەوە