شیرین ئەبو عاقلە، پەیامنێری جەزیرە لە کاتی روماڵ کردندا کوژرا

KNN : Kurdish News Network
08:23 - 11/05/2022
جیهان

شیرین ئەبو عاقلە،  پەیامنێری جەزیرە لە کاتی روماڵ کردنداندا گوللەیەك بەر ملی دەکەوێت و گیان لە دەست دەدات. 

 

 

کەناڵی جەزیرە رایگەیاند: شیرین ئەبو عاقلە لەکاتی روماڵی هەڵکوتانەسەر کەمپی جەنین گوللەیەکی بەردەکەوێت و بە سەختی بریندار دەبێت. 

 

 

دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین گیان لە دەستدانی شیرینی راگەیاند. 

 

 

کەناڵی جەزیرە دەشڵێت: شیرین بەرگی رۆژنامەوانیشی لەبەردابوە و سوپای ئیسرائیلی بە کوشتنی تۆمەتبار کردوە، تەنانەت جەختی لەوەشکردوەتەوە، لەکاتی برینداربونیدا سوپای ئیسرائیل رێگرییان کردوە خەڵك بچێت بە هانایەوە و رزگاری بکەن. 

 

 

لەلای خۆشییەوە سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند: سوپاکەیان ویستویانە چەند داواکراوێك لە کەمپی جەنین دەستگیربکەن، بەڵام تەقەیەکی زۆریان بەسەردا کراوە و تەنانەت بۆمبی چێنراویش لەو شوێنەدا هەبوە. 

 

 

وتیشی: ئەوانیش وەڵامی تەقەکەیان داوەتەوە، لیکۆڵینەوە لە بارەی تەقەکردن و پێکانی رۆژنامەنوسان لەو شوێنە دەکرێت، لەوانەشە سەرچاوەی تەقەکردنەوە چەکدارانی فەلەستینی بوبێت، بەڵام بە دواداچون بۆ ئەو روداوە دەکەین. 

 

 

شیرین لە ساڵی (1971) لە قودس لە دایك بوە، دوای ئەوەی خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات، کار لە رادیۆی مۆنتی کارلۆ دەکات، دواتر لە ساڵی (1997)ەوە بوەتە پەیامنێری کەناڵی جەزیرە لە فەڵەستین، ئەمڕۆ (2022/5/11) لەکاتی ڕوماڵ کردندا کوژرا. 

590 جار خوێندراوەتەوە