ناکۆکییەکانى روسیا و ئەوروپا لە بەرژەوەندى نەوت و غازى ئازربایجان تەواو دەبێت

KNN : Kurdish News Network
07:16 - 07/05/2022
ئابوری

بە هۆی گۆرانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم دواییە جەنگی نێوان روسیاو ئۆکرانیا، غازی ئازربایجان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پرکردنەوەی پێداویستی وزەی ئەوروپا.

بەپێی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، کۆی یەدەگی نەوت لە دەریای قەزوین بە بڕی 100 ملیار بەرمیل نەوت و غازی سروشتی بە 12 تریلیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێندرێت. دەریای قەزوین بە سێیەم گەورەترین سەرچاوەی وزە دادەنرێت دوای وڵاتانی کەنداو و سیبریا.

زانیارییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داهاتی غازی سروشتی لە ئازربایجان لە ماوەی سێ مانگی رابردوی ئەمساڵدا بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بە بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی رابردو.

بەپێی زانیارییەکانى لیژنەی گومرگی ئازەربایجان، قەبارەی غازی سروشتی هەناردەکراوی ئازەربایجان لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 5 ملیارو 686.8 ملیۆن مەتر سێجا بووە.

هەر بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لیژنەکە بڵاوی کردوەتەوە، کۆی داهاتی هەناردەی گازی سروشتی لە کانونی دووەمەوە بۆ مانگی ئازار سێ ملیارو 464 ملیۆن دۆلار بووە و ئەو بەرزبونەوەیەش کە لە نرخی غازی سروشتی رویداوە لەبەرژەوەندی ئازربایجان بووە.

شارەزایەکی بواری وزە ئۆکتای پێرمۆڤ دەڵێت: " کۆمپانای نێردەی غازی تاب لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا بڕی 3.5 ملیار مەتر سێجای هەناردەی ئەوروپا کردوە کە بڕی 3.1 ملیار مەتر سێجا بۆ ئیتالیا و 0.3 ملیار مەتر سێجا بۆ یۆنان و 0.1 ملیار مەتر سێجای بۆ بولگاریا دابین کردوە".

ئەو شارەزایە ئاماژەى بەوەشکردووە، کە ئازربایجان دەتوانێت ناکۆکییەکانى نێوان روسیاو ئەوروپا بقۆزێتەوەو ببێتە سەرچاوەیەکى گرنگى غازى سروشتى بۆ وڵاتانى ئەوروپاو بەم هۆیەوەشەوە زۆرترین داهاتى دەست بکەوێت.

جگە لە غازى سروشتى، ئازربایجان ئێستا لە توانایدایە کیرۆزین و نەوت و بەنزین چەندین جۆرى ترى وزە هەناردە بکات.

216 جار خوێندراوەتەوە