زیندانییەکی زیندانی گوانتانامۆ بە ناوی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی کە 14 ساڵی تەمەنی
لەناو ئەو زیندانەدا گوزەراندوە، داوایەکی یاسایی دژی کەنەدا تۆمار کرد و تیایدا
داوای 35 ملیۆن دۆلار قەرەبوو، دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای میدیایی (CBC)ی کەنەدی، سکاڵاکارەکە
ناوی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی-یە و لە دادگای فیدراڵیی کەنەدا داواکەی تۆمار کردووە،
لە داواکەدا باسی لەوە کردووە کە 14 ساڵ لە زیندانی گوانتانامۆ رووبەڕووی ئەشکەنجە
و ئازار بووەتەوە و هۆکارەکەشی ئەوەبووە کە لایەنە بەرپرسەکانی کەنەدا زانیاری هەڵەیان
لەبارەیەوە داوە.
سەڵاحی هاووڵاتییەکی 51 ساڵی مۆریتانییە و لە تشرینی دووەمی 1999ەوە تا
کانوونی دووەمی 2000 لە شاری مۆنتریاڵی کەنەدا ژیاوە، بەگوتەی خۆی لەو ماوەیەدا لەلایەن
دەزگا ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەستدرێژی
کراوەتە سەر و زۆری لێکراوە بگەڕێتەوە بۆ مۆریتانیا.
باس لەوەش دەکات کە بەهۆی "زانیاری هەڵە"ی بەرپرسانی کەنەداوە، دەستگیرکراوە
و براوەتە ئوردن و ئەفغانستان لە کۆتاییشدا بۆ زیندانی گوانتانامۆ، گواستراوەتەوە.
لە ساڵی 2002دا قۆناغی لێکۆڵینەوەکان بەرەو بەندکردنی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی
چووە، ئەم قۆناغەش بەهۆی ئەوەوە دەستیپێکردووە کە ناوبراو لەگەڵ ئەندامی ئەلقاعیدە
و پلانداڕێژەری تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی لۆس ئانجڵێس، ئەحمەد رەسان لە یەک مزگەوت
نوێژی کردووە، بەمهۆیەشەوە بەرپرسانی کەنەدا گومانی ئەوەیان لێکردوە کە پەیوەندی لەگەڵ
ئەحمەد رەسان هەبووبێت.
محەمەدۆو ویلد سەڵاحی، بانگەشەی ئەوەش دەکات کە دوای دەستگیرکردنی لەلایەن
ئەمەریکییەکانەوە، ئەشکەنجە دراوە و لە ئەنجامی ئەشکەنجەکاندا ناچاربووە ئەو تۆمەتانە
قبوڵ بکات کە ئاراستەی کراون.
دوای ئازاد کردنیشی لە ساڵى 2017دا، دەربارەی بیرەوەرییەکانی لە زیندان چەندین
کتێبی نووسیوە. هەروەها سیناریۆی فیلمی "The
Moritanian" کە لە ساڵی 2021دا بەرهەمهێندراوە لە یەکێک لە کتێبەکانی
محەمەدۆو ویلد سەڵاحی-یەوە وەرگیراوە.
لە رابردووشدا دەزگا هەواڵگرییەکانی کەنەدا چەندن داوای یاساییان لە دژ تۆمار
کراوە و لەو داوایانەدا ئەو کەسانەی بەهۆی زانیاری هەڵەوە رووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە
بوونەتەوە، داوای قەرەبوویان کردووەتەوە، ئەو سکاڵاکارانەشی داواکانیان بردوەتەوە
دەیان ملیۆن دۆلاریان وەک قەرەبوو لە حکوومەتی کەنەدا، وەرگرتووە.
368 جار خوێندراوەتەوە