لەدوایین راپۆرتی خۆیدا کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی پەیوەست بە دۆسێی نەوتی
لە ساڵی (2021)ی بڵاوکردەوە، راپۆرتەکە چەندین داتا و زانیاری تێدا بون کە لەگەڵ
ئەو زانیاریانەدا دژیەکبون کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئاماژەیان پێکردبو.
لە راپۆرتەکەی دیلۆیتدا دەردەکەوێت کە لە کۆی داهاتی نەوت (%44)ی بۆ حکومەتی هەرێم
ماوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاند کە
لە پارەی نەوت تەنها (41%)ی
بۆ حکومەت دەمێنێتەوە ،جیاوازی نێوان ئەم دو رێژەیەش سێ پۆینتە کە دەکاتە سەدان
ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو پارەیەی لە
هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو دەمێنێتەوە، بریتییە لە رێژەی (%44)
کۆی داهاتەکەی، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە راپۆرتەکانی پێشودا ئەو بڕە زیاتربوە و
هەندێک جار گەیشتوەتە سەرو (47%)ی
کۆی داهاتەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاندبو کە
لەم کابینەیەدا توانیانە بە گرێبەستەکاندا بچنەوە و بەشێک لەو داهاتەی کە پێشتر
بەهەدەردەچو بگەڕێننەوە بۆ حکومەتی هەرێم.
لە دوایین راپۆرتی دیلۆیتدا، ئاماژە بە هەندێک خەرجی کراوە کە رون نییە
مەبەست لێیان چییە و هیچ وردەکارییەک لەبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە، بۆ نمونە لە
بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە بڕی ئەو پارەیە کراوە کە حکومەت وەکو رسومات و
گواستنەوە و زیانی ئاڵوگۆڕی دراو داویەتی، کە بریتیبوە لە (651) ملیۆن و (527)
هەزار و (462) دۆلار بوە، بەڵام لە بڕگەیەکی دواتردا دوبارە ئاماژە بە پارەی
رسوماتی دیکە کراوەتەوە و کە بریتیە لە (80) ملیۆن و (645) هەزار و (316) دۆلار،
بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکەی بکرێت و بزانرێت کە بە کێ دراوە.
سەرنجڕاکێشترین بەشی ناو راپۆرتەکەی دیلۆیت ئەوەیە، کە ئاماژەی بەوەکردوە
لە ماوەی ساڵی (2021)دا حکومەتی هەرێم هەشت ملیۆن و (971) هەزار و (207) دۆلاری
داوە بە پارێزەر و راوێژکارانی یاسایی، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بەوەنەکردوە، ئەو
پارێزەرانە لە کام دۆسیانەدا کاریان کردوە و ئەنجامەکەیان چی بوە؟
هەمو ئەم زانیارییە دژەیەک و ناڕونانە، ئەوە دەردەخەن کە نە حکومەتی هەرێم
و نە کۆمپانیای دیلۆیت نەیانتوانیوە زانیاری و داتای ورد و بێخەوش بڵاوبکەنەوە،
بەڵکو بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکان تەنها وەکو
ئامرازێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن.
390 جار خوێندراوەتەوە