گەورەترین تەلسکۆپ بەرەو بۆشاى ئاسمان بەڕێدەکەوێت

KNN : Kurdish News Network
02:35 - 25/12/2021
زانستی
+
-

کەمتر لە کاتژمێرێکى تر، تێلسکەوپی جەیمس وێب هەڵدەدرێت بۆ بۆشایی ئاسمان کە ماوەی (30) ساڵە ناسا کاری لەسەر دەکات و (10) ملیار دۆلاری تێچووە کە بە گەورەترین دەستکەوتی زانستیی سەدەی (21) دادەنرێت.

تەلسکۆپی "جەیمس وێب" کە بەرهەمی 30 ساڵ لیکۆڵینەوە و کارکردنی ئەمەریکا و ئەوروپا و کەنەدایە، کاتژمێر (3:30) خولەک بە کاتى هەرێم بەرەو بۆشایى ئاسمان بەڕێدەکەوێت.

 تەلسلۆپەکە بە قەبارە گەورەترینە و، پانیی ئاوێنە ئاڵتونییەکی ناوی، شەش مەتر و نیوە، هێزی بینین و شیکردنەوەی زۆر بەرزە، تەلسکۆبەکە بە موشەكی "ئاریان" ی ئەوروپی، لە بنکەی گۆیانای فرەنسی نزیك هێڵی ئیستیواوە هەڵدەددرێت.

 تەلسکۆپی وێب، لە خولگەیەکدا بە دوریی ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار کیلۆمەتر لە زەوەیی یەوە، بەدەوری رۆژدا دەسوڕێتەوە.

"جەیمس وێب" جێگەی تەلسکۆپی هابڵ دەگرێتەوە کە (31) ساڵە لە خزمەتدایە. ئەم تەلسکۆبە قوڵتر و هەستیارتر لە هابڵ بە بۆشاییدا رۆدەچێت، لە مێژوی سینانزە ملیار و نیو ساڵی گەردون دەکۆڵێتەوە، توانای بینین و شیکردنەوەی ئەستێرە یەکەمەکان و نەوەکانیانی هەیە کە دوای "بیگ بانگ" بۆ یەکەم جار لە تاریکایی گەردوندا هەڵهاتن.

تەلسکۆپی وێب، بەمەبەستی گەڕان بەدوای ژیان لە شوێنی تر، دەتوانێت بە وردیی ناوەخنی بەرگە گازی هەسارەکان شی بکاتەوە.

وێب، روانگەیەکی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشێت، وێنەیەکی نوێی دەداتێ لەسەر نهێنییەکانی گەردون و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کە ئەم گەردونە چۆن دروست بوو، لە کوێ هاتین و چۆن گەیشتینە ئێرە، ئایا ئێمە تەنیاین یان ژیانی هاوشێوەی ئێرە و بونەوەری هاوشێوەی ئێمە لە شوێن و لەسەر هەسارەی تر هەن؟!

810 جار خوێندراوەتەوە