دادگاى ئاسایشى هەولێر دۆسیەیەکى دیکە بۆ یەکێک لە سزادراونى بادینان دەکاتەوە و تۆمەتبارى دەکات بە هەڵگرتنى چەک، پارێزەرکەشى هۆکارى کردنەوەى ئەو دۆسیەیە ئاشکرا دەکات.
بەشدار حەسەن، پارێزەرى دۆسیەى سزادراونى بادینان رایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژنامەنوس گوهدار زێباری، هێنرایە بەردەم بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتێکی تریان داوەتە پاڵى کە گوایە چەکی جۆرى (تاپڕ) یان لەناو ئۆتۆمبیلەکەی دۆزیوەتەوە، بەڵام گوهدار ڕەتیکردەوە و وتی:" ئەم چەکەهی من نییە و بۆم دروست کراوە".
بەپێى لێدوانى ئەو پارێزەرە، گوهدار زێبارى لەبەردەم دادوەردا وتویەتى :" من نە ڕاوچیم نە دوژمندارم چەکی من تەنها و تەنها قەڵەمە".
بەشدار حەسەن، ئاشکراشیکرد، گوهدار زێباری پێشتر لەگەڵ شێروان شێروانی و سزداراوانى
بادینان بە شەش ساڵ زیندانیکردن حکومدراوە، بەڵام تائێستا نەگواستراوەتەوە بۆ
زیندانى چاکسازی، کردنەوەی ئەم دۆسیەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چەند جارێک لە زیندان قسەی کردوە و نامەی گەیاندراوەتە
دەرەوە و بڵاوبۆتەوە .
590 جار خوێندراوەتەوە