وەزیرى تەندروستى: لە ئایندەیەکى نزیکدا بڕیار لەسەر پێدانى ژەمى سێیەمى ڤاکسینى کۆرۆنا دەدەین

KNN : Kurdish News Network
02:21 - 24/11/2021
کوردستان
+
-

وەزیرى تەندروستى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ لە مانگی داھاتوەوە ھەڵگرتنی کارتی ڤاکسین یان پشکنینی ھەفتانەی (PCR )، دەبێتە مەرج بۆ دەوامی فەرمانگە، زانکۆ و شوێنە گشتییەکان. دەشڵێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا، بڕیاری پێدانی ژەمی سێیەم دەدەین.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: لەئێستادا، سێ جۆری ڤاکسین بەردەستە و تا رادەیەکی باش بەرەوپێشچوون لە وەرگرتنی ڤاکسین ھەیە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە.

دەشڵێت: لە مانگی داھاتوەوە ھەڵگرتنی کارتی ڤاکسین ڤیزای ئەلیکترۆنی یان پشکنینی ھەفتانەی PCR، دەبێتە مەرج بۆ دەوامی فەرمانگە، زانکۆ و شوێنە گشتییەکان.

لەبارەى پێدانى ژەمى سێیەمى ڤاکسین بە هاوڵاتیان، رونیکردۆتەوە کە لەگەڵ لێژنەی باڵای ڤاکسین پێدان، لایەنی زانستی ژەمی زیادەکی (سێیەم) خراوەتەڕو و  رێکار و رێنماییەکان تاوتوێ کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا، بڕیاری پێدانی ژەمی سێیەم دەدەن.

وەزیرى تەندروستى جەختی لەوەکردووەتەوە کە "ئامانجیانە، سێ ملیۆن و (255*ھەزار و، (980) کەس کە تەمەنییان لەسەروی (18) ساڵییەوە و چوار ملیۆن و (366)ھەزار و (500) کەس کە تەمەنییان لە سەرووی (12) ساڵییەوە ڤاکسین وەربگرن.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان تائێستا یەک ملیۆن و (522) ھەزار و (57) ژەمى ڤاکسین بەکارھاتووە، لەو ژمارەیەش، (908) ھەزار و (157) کەس دۆزی یەکەم و (613) ھەزار و (900) کەس دۆزی دووەمیان وەرگرتووە.

353 جار خوێندراوەتەوە