لەبارەى داواکاریى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا بڕیارى خەرج کردنى مینحەیەکى دا.
سەرچاوەیەک لە
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى
کوردستان بە (KNN)
ى راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ھەرێمی
كوردستان رەزامەندیدا لەسەر خەرجكردنی مینحەیەک بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ داخوازییەکانی
خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان.
ئەو بڕیارەى ئەنجومەنى
وەزیرانى هەرێمى کوردستان دواى ئەوە دێت کە ماوەى چەند رۆژێکە خوێندکارانى زانکۆ و
پەیمانگاکان دەستیان بە خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایى کردوە و داواى گەڕاندنەوەى
سیستمى پێدانى دەرماڵە دەکەن.
لە ساڵى (2014) ەوە
بەهۆى سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى پێدانى دەرماڵە بە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان
راگیرا.
بەر لە بەرێوەچوونى کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانیش تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لەحکومەتى هەرێمى کوردستان،
لە راگەیەندراوێکدا جەختیان لە بەدیھێنانی خواستەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان کردەوە و رایانگەیاند : «وەک هەمیشە لە کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران بەھاوبەشی لەگەڵ وەزیرەکانى دیکەدا، کاریان کردووە بۆ ھێنانەدی بەرژەوەندى و داخوازى و داواکارى هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکان لە هەر ئاستێکدا بوبێتن».
راشیانگەیاندبوو، ئامادەکارى تەواو کراوە کە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا بە گوێگرتن لە پێشنیاز و سەرنجى هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و دارایی و ئابوری، داواکارى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ بەستنى دەرماڵەى پیشەیی خوێندن، لەبەرژەوەندى ئەوان یەکلابکەنەوە.
3750 جار خوێندراوەتەوە