چاودێرێکى سیاسى پێى وایە، بزوتنەوەى گۆران هەم لە دروستبونیدا مۆدێلێکى نوێ
بوو، هەم لە هەنگاوى دەستلەکارکێشانەوەى رێکخەر و خانەى راپەڕاندندا مۆدێلێکى نوێى
پیشاندا، دەشڵێت: دەنگدەرەکانى گۆڕان یاخین و ماونەتەوە و دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە.
د. جەعفەر عەلى، نوسەر و چاودێرى سیاسى لەمیانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى
ستۆدیۆ رادیۆى دەنگى گۆڕان رایگەیاند: هەڵبژاردنەکەى ئەمجارە و بایکۆت، وەڵامى ئەداى
کارى سیاسى حزبە سیاسییەکانى دایەوە کە ئەوەش وەڵامێکى نوێ و پڕ پەیام بوو.
رونیکردەوە، بزوتنەوەى گۆڕان نەیتوانى لە دەنگدەرەکانى تێبگات بۆیە سزادرا،
چونکە ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان هەیبوە دەنگدەر بووە، هیچ پابەندبونێکى بەرژەوەندیخوازانەش
لە نێوان دەنگدەر و بزوتنەوەکە نەبووە، ئەوەش پێچەوانەى حزبەکانى ترە کە چەندین بەرژەوەندى
دەنگدەر و حزب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بۆیە راگرتنى ئەو جۆرە دەنگدەرە قورسە و سەرکردایەتى
سیاسى گۆڕانیش چاوەڕێى ئەو وەڵامە نەبوون لە دەنگدەرەکانیان.
هەروەک پێى وایە، هەم سزادانى بزوتنەوەکە لەلایەن دەنگدەرانیەوە مۆدێلێکى
نوێیە لە مێژوى سیاسى کوردا، هەم دەستلەکارکێشانەوەى خانەى راپەڕاندن و رێکخەرى
گشتى.
د. جەعفەر عەلى وتیشى: هۆکارى سەرەکى شکستى گۆڕان لە هەڵبژاردن ناوخۆى گۆڕان
بووە، بەدەر لەوەش هۆکارى دەرەکى بونى هەبووە، چونکە چەندە هۆکارى ناوخۆیى رۆڵ دەبینێت
زیاتر لەوە هۆکارى دەرەکى بونى هەیە.
دەشڵێت: لە ئەستۆگرتنى شکستەکە و دەستلەکارکێشانەوەى خانە و رێکخەرى گشتى مۆدێلێکى
نوێیە و لە هیچ بڕگەیەکى ناو جوڵانەوەى سیاسیى ئێمەدا چ لە شاخ و چ لە شار لەبەرامبەر
شکست و دۆڕاندنى خاک، سەرکردایەتى حزبەکان ئامادەى دەستلەکارکێشانەوە نەبوون، بۆیە
ئەم هەڵوێستە و دەستلەکارکێشانەوەى سەرکردایەتى گۆڕان بەشێکى گرنگە لە ئەخلاقى سیاسى
و کارێکى باشیان کردووە و جێگاى دەستخۆشیە.
باسى لەوەشکرد، ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان لە کەوتنێکى ترسناکدایە و دەبێت مامەڵەیەکى
ژیرانەى لەگەڵ بکرێت، هەستانەوەش بەوە ناکرێت تەنها ئەو ستافە دەستى لەکارکێشاوەتەوە،
خەڵکى دیکەش هەیە لە دەوروبەرى ئەوان و لە حکومەت و پەرلەمان دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە
هەڵبگرێت، لەسەروى هەمویانەوە جڤاتى نیشتمانی، ناکرێت جارێکى دیکە دابنیشێتەوە و رێوشوێنى
هەستانەوە بگرێتەبەر.
لەبارەى هەنگاوەکانى هەڵسانەوەى بزوتنەوەکە و ئاشتکردنەوەى دەنگدەرانى، د.
جەعفەر پێى وایە، دەنگدەرى بزوتنەوەى گۆڕان ماوەتەوە و نەچووە بە هیچ لایەکدا و دەنگدەرێکى
یاخیە و دەبێت تێبگەى ئەو دەنگدەرە دەستەمۆ ناکرێت، بۆیە هەنگاوى یەکەم تێگەشتنە لەو
دەنگدەرە و وەڵامدانەوەیەتى. دواتریش دەبێت ستافێک بۆ بەڕێوەچونى کارەکانى گۆڕان
دابنرێت و شەش مانگ دەرفەتى بدەیت چاودێرى بکەیت و بزانیت توانیویەتى دەنگدەران
ئاشت بکاتەوە و بزوتنەوەکە سەرڕێبخاتەوە، بۆیە ئەگەر ئەوان سەرکەوتوبون دەبێت پشتیوانى
بکرێن.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەدەر لەو خاڵانەى سەرەوە، هەنگاوى هەڵسانەوەى گۆڕان مەرج
نیە تەنها لە ناو بزوتنەوەى گۆڕاندابێت، بەڵکو دەبێت بۆ چارەسەرکردن و هەڵسانەوەى
گۆڕان راوێژ بە خەڵکى دەرەوەى گۆڕان بکرێت و بۆچونەکانیان وەربگریت و بەشداریان پێبکرێت
و رۆڵیان پێبدرێت.
545 جار خوێندراوەتەوە