خەڵاتی نۆبڵ لە کیمیا بەخشرایە بێنیامین لیست و دەیڤێد ماکمیلان

KNN : Kurdish News Network
06:04 - 06/10/2021
زانستی
+
-

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ساڵی (2021) لە بواری کیمیا بەخشرایە زانای ئەڵمانی، بێنیامین لیست و زانای ئەمەریکی-سکۆتلاندی، دەیڤێد ماکمیلان.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە ئەکادیمیای شاهانەی سوید، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری کیمیا بە هەریەکە لە بێنیامین لیست و دەیڤێد ماکمیلان راگەیەندرا.

ئەو دوو زانایە لە بەرامبەر دروستکردنی ئامیرێکدا کە سوودێکی گەورە بە لێکۆڵینەوەکانی بواری دەرمانسازی دەگەیەنێت و دۆستی ژینگەیە، ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە.

فلیپ برۆدویث، سەرنوسەری بازرگانی بۆ گۆڤاری جیهانی کیمیا، بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند: "داهێنانەکەى ئەم دوانە پارچەیەکی سەرنجڕاکێشی گرنگی کیمیایە و بێگومان سەرکردەی ئەو بوارەن"

لاى خۆیەوە تۆم وێلتۆن، سەرۆکی کۆمەڵگای شاهانەی کیمیا ستایشی هەردو زاناکەى کرد و سەبارەت بە خەڵاتەکەش وتى: ئەنجامەکانیان بە نرخێکی زۆر سەلماندووە و شایستەن.

رۆژی دوشەممە، دەیڤد جولیوس و ئەردم پاتاپۆتیان خەڵاتی نۆبڵیان لە فیزیۆلۆجی و پزیشکی بردەوە بۆ دۆزینەوەی پلەی گەرما و وەرگرەکانی دەست، رۆژی سێشەممەش سێ براوەی خەڵاتی فیزیا (سیوکورۆ مانابی، کلاوس هاسلمان و جیۆرجیۆ) دیاریکران. ئەوەش بۆ جاری دووەمە لە ماوەی سێ ساڵدا هیچ ئافرەتێک لە خەڵاتە زانستیەکاندا بونى نەبووە.

لە ساڵی (1901)ـەوە، ساڵانە خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری کیمیا دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە داهێنانی گرنگیان بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.

798 جار خوێندراوەتەوە