ئامادەکردنى؛ وریا فەتاح
جیاواز لە هەڵبژاردنەکانى
دیکە، هەڵبژاردنى ئەمجارەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە یاسایەک بەڕێوە دەچێت کە
تەواو جیاوازە لە یاساکانى پێشوتر، توانیویەتى بەڕێژەیەکى زۆر دادپەروەرى لە نوێنەرایەتى
ناوچەیى مسۆگەر بکات، واتا بەپێى ئەم یاسایە هەموو ناوچەکانى عێراق و هەرێمى
کوردستان بەپێى قەبارەى دانیشتوانى نوێنەرى دەبێت لە ئەنجومەنەکە و چیتر ناوچە و
شوێنێک نامێنێتەوە خاوەنى هیچ نوێنەرێک نەبێت.
یاساى نوێى هەڵبژاردنى کۆتایى بە ناعەدالەتى نوێنەرایەتى ناوچەیى دەهێنێت
بەپێى یاساى پێشوى
هەڵبژاردن، عێراق بەسەر (18) بازنەى هەڵبژاردندا دابەشکرابوو، واتا هەر پارێزگایەک
بازنەیەکى تایبەت بوو، ئەوەش واى دەکرد چەندین شار و شارۆچکە و ناوچەى جوگرافى لە ئەنجومەنى
نوێنەران بێ نوینەربن، بەڵام
بەپێى ئەم یاسا نوێنە و دابەشکردنى هەر پارێزگایەک بەسەر چەند بازنەیەکى هەڵبژاردندا
ئەو گرفتە چارەسەر دەکات و چیتر هیچ ناوچە و شوێنێک نامێنێتەوە نوێنەرى راستەقینەى
خۆى نەبێت لەناو ئەنجومەنى نوێنەران.
ئەم یاسایە کە بە
خوێن و خەباتى و فشارى خۆپیشاندەرانى ئۆکتۆبەرى گۆڕەپانەکانى تەحریر لە بەغدا و
پارێزگاکانى دیکەى عێراق لەدایکبووە، توانیویەتى مافى راستەقینە لە بەشدارى هاوڵاتیان
و بەشدارى هەر ناوچەیەک لە ئەنجومەنى نوێنەران بچەسپێنیت.
بۆیە ئەم یاسە نوێیە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق، توانى
بازدانێکى گەورە بدات و عەدالەتى نوێنەرایەتى ناوچەیى فەراهەم بکات، کە ئەمەش
یەکێکە لە خاڵە جیاکەرەوە بەهێزەکان بەراورد بە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى
کوردستان کە تائێستا بەدەست ناعەدالەتى لە نوێنەرایەتى ناوچەییەوە گرفتارە.
بۆنمونە بەپێى یاساى
هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران، عێراق بەسەر (83) بازنەى هەڵبژاردندا دابەشکراوە،
تەنانەت هەرێمى کوردستان (هەولێر، سلێمانى، دهۆک) کراون بە (12) بازنەى هەڵبژاردن
و هەر بازنەیەکى هەڵبژاردنیش لانیکەمى سێ نوێنەرى بۆ ئەنجومەنى نوێنەران هەڵدەبژێردرێت،
بەوەش نوێنەرایەتى راستەقینەى جوگرافى بۆ ئەنجومەنى نوێنەران مسۆگەر دەبێت، بەڵام
بەپێى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هەرێمى کوردستان یەک بازنەى هەڵبژاردنە
و ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەى ناعەدالەتى نوێنەرایەتى ناوچەیى لە پەرلەمانى کوردستان
رەنگ بداتەوە،
لەکۆى (135) قەزا و ناحیەى هەرێم (114)یان، هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمان نیە
بەپێى یاداشتێک
کە پەیمانگە کوردى بۆ هەڵبژاردن پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستانى کردووە تێیدا
هاتووە، لەکۆى(135) قەزا و ناحیەى هەرێمى کوردستان (114) قەزا و نەحیەى هەرێمى
کوردستان، هیچ نوێنەرێکیان لەنێو پەرلەمانى کوردستاندا نیە و بێ نوێنەرن، بەڵام هەڵاوسانێکى
زۆر هەیە لە ژمارەى نوێنەر لەناو شارە گەورەکاندا، بەشێوەیەک لەکۆى (111) کورسیەکەى
خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستاندا (74) نوێنەریان لە سێ قەزاکەى ناوەندى پارێزگاکانى
(هەولێر، سلێمانى، دهۆک)ن، واتا بەتەنها ناوەندى قەزاکانى ئەو سێ پارێزگایە بەڕێژەى
(67%)ى کورسیەکانى پەرلەمانى کوردستانیان بردووە، لەکاتێکدا بەهەموو قەزا و ناحیەکانى
دەرەوەى ئەم سێ شارە تەنها (37) نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە واتا بەڕێژەى (33%)ى
کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان. ئەوەش ئاماژەیەکى رونە بۆ ناعەدالەتى لە نوێنەرایەتى
جوگرافیدا.
بەتێڕوانین لە جیاوازى ئەم دوو یاسایە، دەبینین یاساى نوێى هەڵبژاردنى
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە هەڵبژاردنى (10)ى ئۆکتۆبەرى پێ بەڕێوەدەچێت،
توانراوە ناعەدالەتى نوێنەرایەتى ناوچەیى لە ئەنجومەنى نوێنەراندا راستبکرێتەوە و
هەموو ناوچەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان خاوەنى نوێنەرى خۆیانبن لە ئەنجومەنەکە.
بەڵام تائێستا یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نەیتوانیوە ئەو گرفتە
چارەسەربکات.
هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان
بۆیە ئەرکى پەرلەمانتاران و رێکخراوەکانى تایبەت بە هەڵبژاردن و
شارەزایانى بوارەکە و ژور و دەزگاکانى هەڵبژاردنى حزبە سیاسییەکانە، کاربکەن بۆ
هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن کە لەگەڵ کلتورى سیاسى هەرێمى کوردستان کۆک و
تەبابێت و لە هەمان کاتدا رێککردنەوەى بێت بەرامبەر بە یاساى نوێى هەڵبژاردنى
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق. کە ئەمەش دەبێتە هۆى گێرانەوەى متمانە بۆ هەڵبژاردن و
راستکردنەوەى ناعەدالەتى نوێنەرایەتى ناوچەیى لە پەرلەمان.
539 جار خوێندراوەتەوە