لە کۆبونەوەی
ئەمڕۆیدا ئەنجومەنى وەزیران، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی
ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی
لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو و چەند بابەتیکى دیکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبونەوەى هەفتانەى خۆى ئەنجامدا و بەپێى
راگەیەنراوێک لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسى لە ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنى
ئەنجومەنى نوێنەران کردووە و باس لەوەکراوە کە پێویستە هەڵمەتی
بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن
بەڕێوەبچێت.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی
چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خراوەتەڕو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی
بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی
کوردستان لە روی خۆراکی و تەندروستییەوە.
بەپێى راگەیەنراوەکە، بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە،
تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر رەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ
2021 - 2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕو، لە کۆبونەوەکەدا بە کۆی
دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران
بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی
پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری
ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان رێگاوبان
لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕو کە ئەم رەشنووسە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و
نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراو. ئەوەش بەمەبەستى
پاڵپشتیکردن لە پڕۆژەکانی رێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە
دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان
بە پێی شایستەبوون.
363 جار خوێندراوەتەوە