ئەندامێکی
پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، نرخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە
شارەکانی دیکەی عێراق زۆر گرانترە و جیاوازیی نرخی هەمان دەرمان لە نێوان هەرێم و
عێراقدا لە هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 77 هەزار دینار، ئەمەش بارگرانییەکی
گەورەی لەسەر شانی هاووڵاتییان دروستکردووە.
جوانڕۆ محەمەد،
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەدوای
بەدواداچوونێکی ورد بۆ پرسی بەرزیی نرخی دەرمان دەرکەوتووە، سەرباری ئەوەی لە
عێراق و هەرێمی کوردستانیش سیستەمی لێدانی ستیكەری نرخ لەسەر دەرمان جێبەجێ
دەکرێت، بەڵام نرخی ستیکەری زۆربەی دەرمانەکان لە هەرێم دوو هێندەی عێراقە، لە
کاتێکدا هەردووکیان هەمان دەرمانن و بەرهەمی یەک کۆمپانیان و هەمان بەرواری
بەسەرچوونیان هەیە.
ڕوونیشیکردووەتەوە،
لە عێراق لایەنی بەرپرس بۆ دیاریکردنی نرخی ستیکەری دەرمان "لیژنەی ناوەندیی
دیاریکردنی نرخی دەرمان"ی سەر بە وەزارەتی تەندروستییە، بەڵام لە هەرێم
دەزگای کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) نرخەکان دیاری دەکات، کە بەهۆیەوە
ئەگەر هاووڵاتییەک هەر دەرمانێک لە بەغدا بکڕێت، نرخەکەی نیوەی ئەو نرخەیە کە لە
هەرێمی کوردستان پێی دەفرۆشرێت.
ئەو
پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردووەتەوە، دۆسیەکەی ئاراستەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی
کوردستان کردووە و داکۆکیکار دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو "غەدر"ەی لە
هاووڵاتییان دەکرێت، هەروەها تەواوی ڕێکارە یاسایی و پەرلەمانییەکان دەگرێتەبەر
تاوەکو نرخی دەرمان لە هەرێم هاوشێوەی عێراقی لێدێت یان هەرزانتر دەبێت.
127 جار خوێندراوەتەوە