وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە: رێگای کەمەربەندی سۆران بەڕوی ھاوڵاتیاندا کرایەوە

KNN : Kurdish News Network
06:20 - 14/09/2021
کوردستان
+
-

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیەنێت؛ دواى (50) رۆژ کارکردنى بەردەوام و چارەسەرکردنی درزی لاتەنیشتی رێگای باپشتیان لە نێوان ھەردو قەزای سۆران و رواندز، رێگاکە بەڕوی ھاوڵاتیاندا کرایەوە.

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێم رایگەیاند: دواى ئەوەى لەمانگی تەمموزی رابردودا بەشێک لە رێگاى باپشتیان لە نێوان ھەردو قەزای سۆران و رواندز درزی بردبو ئەوەش مەترسی بۆ ھاوڵاتیان و داڕوخانی رێگاکەی دروستکردبو، دواتر بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، کاری بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامدرا.

دەشڵێت:دوای نزیکەی (50) رۆژی کاری بەردەوام، توانرا بەشێوەی ئەندازەیی سەردەم رێگاکە چاکبکرێت و دوای نەمانی مەترسی، ئێستا بەڕوی ھاوڵاتیان و شۆفێراندا کراوەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بودجەی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینکراو لەلایەن ھەردو بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی ھەولێر و سۆرانەوە جێبەجێ کرا.

894 جار خوێندراوەتەوە