ئەمڕۆ بە فەرمى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران رادەگەیەنرێت

KNN : Kurdish News Network
10:42 - 14/09/2021
کوردستان

ئەمڕۆ یەکێک لە بەڵێنەکان کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێت و بەفەرمى ناوچەى سۆران وەک ئیدارەیەکى سەربەخۆ رادەگەیەنرێت.

ئەمڕۆ لە مەراسمێکدا سۆران وەک ئیدارەى سەربەخۆ رادەگەیەنرێت کە پێکدێت لە قەزاکانى سۆران، چۆمان، رواندز، مێرگەسۆر، هەر چوار قەزاکەش (13) ناحیە لەخۆ دەگرن.

ژمارەى دانیشتوانى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران نزیکەى (350) هەزار کەسە، روبەرەکەشى پێنج هەزار و (473) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

 

لاى خۆشیەوە هەڵگورد نەجیب قایمقامى قەزاى سۆران رایگەیاند، ئامادەکاریان بۆ بەستنەوەى فەرمانگەکانى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران بە وەزارتەکان کردوە، لەو چوارچێوەیەشدا تائێستا بڕیار لەسەر کردنەوەى بەرێوەبەرایەتیە گشتییەکانى پەروەردە، تەندروستى ، کشتوکاڵ و شارەوانییەکان دراوە.

 

لە کۆتایى مانگى تەمموزى رابردوودا حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا هەریەک لە قەزاکانى سۆران لە پارێزگاى هەولێر و زاخۆ لە پارێزگاى دهۆک بکرێنە سەربەخۆ.

 

ئەوە لەکاتێکدایە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کارنامەى خۆیدا بەڵێنى  گواستنەوەى خزمەتگوزارییە گشتیەکانى بۆ دەرەوەى سەنتەرى پارێزگاکان دا.

303 جار خوێندراوەتەوە