تادێت ژمارەى چاودێرانى نێودەوڵەتى بۆ هەڵبژاردنەکەى عێراق زیاتر دەبێت

KNN : Kurdish News Network
08:51 - 10/09/2021
عێراق
+
-

کۆمیسۆنى هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت؛ تائێستا پابەندبون بە رێنماییەکانى کۆمیسیۆن لەلایەن کاندیدەکانەوە لە ئاستێکى بەرزدایە، دەشڵێت: (500 بۆ 600) چاودێرى نێودەوڵەتى، چاودێرى هەڵبژاردنەکە دەکەین.

عیماد جەمیل ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنەکان لە کۆمیسۆنى باڵا بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى راگەیاندووە: بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران، تائێستا (150) چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، لە وڵاتانی عەرەبی و بیانیشەوە (70)کەس چاودێرى دەکەن.

وتیشی:"باڵیۆزخانەکانی عێراق (51) باڵیۆزخانەی عەرەبی و بیانیان بانگهێشت کردووە بۆ سەردانی ئەنجومەنی کۆمسیاران، ئەوەش بەمەبەستى ناردنى تیمەکانیان بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردنەکان.

ئاشکراشیدەکات، تائێستا کۆى گشتى چاودێرانى نێودەوڵەتى لە نێوان (500 بۆ 600) چاودێر دەبێت.

لەبارەى بەڕێوەچونى پڕۆسەى بانگەشەى کاندیدەکانەوە، جەمیل رونیکردەوە، ناڕێکی لەچەندین پارێزگادا بەدیدەکرێت (سلێمانى و بەسرە و کەربەلا)، ئەوەش لە دانانى پروپاگەندە لە شوێنێکدا کە لەلایەن شارەوانییەوە بۆی تەرخان نەکراوە خۆى دەبینێتەوە، یان بەکارهێنانی بەشەکانى دەوڵەت بۆ بانگەشە.

لەبارەى سەرپێچییەکانیشەوە رونیکردەوە، کاندیدەکان تائێستا پابەندی و دیسپلینێکی بەرزیان هەیە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و رێنماییەکانی کۆمسیۆن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە (10)ى ئۆکتۆبەرى داهاتوو، هەڵبژاردنى پێشوەختەى ئەنجومەنى نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان-یش، لەچوارچێوەى هاوپەیمانى کوردستان بەشدارى لە هەڵبژاردنەکە دەکەن.

442 جار خوێندراوەتەوە