سەرۆکى ئەمەریکا و هاوتا چینیەکەى باس لە داهاتوى پەیوەندییەکانیان دەکەن

KNN : Kurdish News Network
12:13 - 10/09/2021
جیهان
+
-

لە دووەم پەیوەندى تەلەفۆنى نێوان سەرۆکى ئەمەریکا و هاوتا چینیەکەى، سەرۆکى ئەمەریکا دەڵێت نایانەوێت لەگەڵ چین بکەونە ململانێ، سەرۆکى چینیش   چارەنوسى جیهان پەیوەستە دەکات بە پەیوەندیەکان نێوان پەکین واشنتۆن.

ئاژانسەکانى هەواڵ لە زارى سەرچاوەیەک لە کۆشکى سپیەوە بڵاویانکردەوە، لە پەیوەندیەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ شى جین بینگ سەرۆکى چین، جۆیایدن سەرۆکى ئەمەریکا رایگەیاندوە، ئەمەریکا دەیەوێت لەگەڵ چیندا لەدۆخى کێبرکێدا بمێنیتەوە، نامانەوێت لەداهاتوودا ئەو کێبرکێیە ببێتە ململانێیەکى نەخوازراو.

لەبەرامبەردا حکومەتى چین لەرێگەى بەیاننامەیەکەوە کە لە تەلەفزیۆنى فەرمى حکومەتى چینەوە بڵاوکرایەوە رایگەیاندوە، سەرۆکى بەهێزترین دوو هێزى ئابورى جیهان گفتوگۆیەکى ستراتیژى و قوڵ و راشکاوانەیان ئەنجامدا لەبارەى پەیوەندیەکانى نێوان چین و ئەمەریکا و ئەو بابەتانەى پەیوەندیدارن بە هەردوولاوە.

سەرۆکى چین بە هاوتا ئەمەریکیەکەى راگەیاندوە،  چارەنوسى داهاتوى جیهان پەیوەستە بە تواناى ئەمەریکا و چین بۆ بەرێوەبردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان بە شێوەیەکى باش.

 

ئەوەش دووەم پەیوەندى تەلەفۆنى نێوان سەرۆکى ئەمەریکا و سەرۆکى چینە لەوکاتەى جۆ بایدن بوەتە سەرۆکى ئەمەریکا

414 جار خوێندراوەتەوە