چوار هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەی قۆڵۆن

KNN : Kurdish News Network
08:47 - 25/08/2021
تەندروستی

ئازار و گرفتی قۆڵۆن یەكێكە لە كێشە بڵاوەكان و كەسانێكی زۆر پێوەی گیرۆدەن، دیارترین نیشانەشی بونی ئازارە لە بەشی خوارەوەی سك لەگەڵ هەڵئاوسان، سكچوون یاخود قەبزی، ئەوانە پێكەوە بوون بە نەخۆشییەكی درێژخایەن كە چارەسەری ئاسان نییە.
گرفتی قۆڵۆن ڕێگرە لەوەی كەسی توشبوو ژیانی ئاسایی خۆی بە باشترین شێوە بژی، كاریگەری لەسەر جۆر و سیستمی خواردنەكانی كەسەكە هەیە و دەبێت لەهەموو كات و دۆخێكدا ئاگاداری خۆی بێت.

 
ماڵپەڕی ئێڤری دەی هێڵس باسی لە چوار ستراتیژ كردووە لە سیستمی خۆراكی و ژیانی ڕۆژانەدا كە یارمەتی كەمبونەوەی گرفت و ئازاری قۆڵۆن دەدات، چونكە ئەو چارەسەرانەی پزیشكیانەی هەیە و بەكاردەهێنرێت بۆ كەمكردنەوەی هەڵئاوساوی و گرفتی قەبزییە، تەواوی كێشەكە چارەسەر ناكات.

 

جوڵە

ڕێگای سەرەكی ڕزگاربوون نیشانەكانی قۆڵۆن بەتایبت ئازار و هەڵئاوسان جوڵەیە، بەتایبەت ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان بەشێوەیەكی بەردەوام.

پسپۆڕەكان باسیان لەوەكردووە سەلمێنراوە ئەنجاندانی چەند ڕاهێنانێكی وەرزشی نیشانەكانی قۆڵۆن كەمدەكاتەوە، بەتایبەت قەبزی، چونكە ڕاهێنانەكان وادەكەن خواردن خێراتر بەناو ڕێخۆڵەدا تێپەڕێت، جەستەش بەشێكی ئاوەكەی هەڵدەمژێت، ئەوەش كرداری ڕۆشتنەكە ئاسانتر دەكات.

 

ئەو ڕیشاڵانەی دەتوێنەوە

ماددە ڕیشاڵییەكان زۆر گرنگ و پێویستن بۆ جەستە، بەڵام بەوپێیەی هەموویان هاوشێوەنین، ناتوانرێت بوترێت هەرجۆرێك بێت سودی بۆ قۆڵۆن هەیە.
كۆلێژی ئەمریكی بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرەس ئاماژە بەوەدەكات، ئەو ماددە ڕیشاڵیانەی توانای توانەوەیان هەیە سودیان بۆ قۆڵۆن هەیە، چونكە ئەوان لە ئاودا دەتوێنەوە، پێكەوە جۆرە مادەیەك دروست دەكەن كە یارمەتی گواستنەوەی خواردن دەدەن بۆ بەشی خوارەوە و كۆتایی كۆئەندامی هەرس.

 

چا بە نەعنا

چای نەعنا یەكێكە لە تەندروسترین خواردنەوەكان بۆ كۆئەندامی هەرس و چارەسەری گرفتی قۆلۆن دەكات، كۆلێژی ئەمریكی بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرەس، داوا دەكات نەعنا بۆ كەمكردنەوەی ئازار سك و نیشانەكانی قۆڵۆن بەكاربهێنرێت.

شێداری جەستە

هەنگاوێكی گرنگ بۆ خۆپارێزی لە گرفتی قۆڵۆن، پەیوەندی بە پاراستنی شێداری جەستەوە هەیە، بەوەش لەڕێی خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو بەدرێژایی ڕۆژ، چونكە نەخواردنەوەی ئاو و شێدارنەبونی جەستە وادەكات لەش شێداری ڕیخۆڵە هەڵمژێت، بەوەش پاشماوەی ناویان وشك دەبێتەوە گرفتەكە زیاتر دەبێت.
بۆ پاراستنی شێداری جەستە ئاو خواردنەوە زۆر گرنگە بەتایبەت دوای ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان، هەروەها كەمكردنەوەی ئەو خواردنەوانەی كافین و كهول لە پێكهاتەكەیاندایە.

4547 جار خوێندراوەتەوە