کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە ئەفغانستان و پێشهاتەکانى دواترى ئەو وڵاتە
کە بریتى بوو لە دەستبەسەراگرتنى خاکى
ئەفغانستان لەماوەیەکى کەمدان هێندەى ئەفغانیەکان عێراقییەکانیشى نیگەران کرد،
چونکە مەترسى ئەوەیان هەیە کە سیناریۆکە
لە وڵاتەکەى ئەوانیش دووبارە ببێتەوە.
ترس و نیگەرانى عێراقییەکان لەکاتێکدایە کە بڕیارە لە کۆتایى ئەمساڵدا هیچ
هێزێکى شەڕکەرى ئەمەریکى لە وڵاتەکەیاندا نەمێنێت، هەرچەند مستەفا کازمى سەرۆک
وەزیرانى عێراق دڵنیایى داوە و ماوەیەک لەمەوبەر لەچاو پێکەوتنێکیدا لەگەل ئاژانسى
هەواڵە ئەسۆشەیتد پرێس وتى: عێراق پێویستى بەهێزى بیانى نیە، سوپاو هێزە ئەمنییەکان
تواناى بەرگریکردن لە وڵاتیان هەیە بە بی پشتیوانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى.
ئەم دڵنیاییەى سەرۆک وەزیران، هیچ لەمەترسى عێراقییەکان کەم ناکاتەوە،
چونکە عیراقییەکان لە بیریان نەچوەتەوە کەساڵى (2014) لەماوەیەکى کەمدا ئەو
سوپایەى لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە مەشقیان پێکرابوو لەبەردەم هێرشى داعشدا هەرەسیان هێنا و
لەماوەیەکى کەمدا سێ پارێزگایان رادەستى ئەو گروپە تیرۆرستییە کرد.
بیلال وەهاب توێژەر لە پەیمانگاى واشنتۆن بۆسیاسەتى رۆژهەڵاتى نزیک لە وتارێکدا لە گۆڤارى فۆرین پۆلیسى
بڵاویکردوەتەوە نوسیویەتى، دیمەنەکانى فرۆکەخانەى کابوڵ ئەوەى بە بیرى عێراقیەکان
هێنایەوە کەچۆن چەند ساڵێک لەمەوبەر سوپا کەیان لە سێ پارێزگاى باکورى عێراق
شکستیان هێناو هەرسێ پاریزگاگەش کەوتنە دەست داعش، ئەوەش دواى تەنها سێ ساڵ لە
کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق.
لە روى ئیدارەدانى دەوڵەتەوە عێراق و ئەفغانستان خاڵى هاوبەشیان زۆرە، لەسەر
ئەوبنەمایەشە ئەگەرى دووبارە بونەوەى سیناریۆکەى ئەفغانستان ئەگەرێکە تارادەیەک بە
هێزە.
سەبارەت بەو خاڵە هاوبەشانەش ئەو توێژەرە عێراقییە نوسیویەتى، عێراق خاوەنى
حکومەتێکى لاوازە کە کارى لەپێشینەى
پیادەکردنى مەحسوبیەتە.
بەهێزترین خاڵى لێکچوى حکومەتى عێراق و حکومەتە رووخاوەکەى ئەفغانستانیش
هەبوونى گەندەڵیەکى بەرفراوانە بە جۆرێک کە بە پێى وتارەکەى بیلال وەهاب هەردوولا
لە کێبڕکێدا بوون بۆ ئەنجامدانى زۆرترین گەندەڵى.
لەعێراق سوپا وهێزە ئەمنیەکان سەرنجیان تەنها لەسەر روبەڕوبونەوەى داعشە، خۆیان
لە روبەڕوبونەوەى گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچوەکان لادەدەن ئەمەش حاڵەتێکە کە پێشتر
لەئەفغانستان روویداوە.
سەرەراى ئەو خاڵە هاوبەشانە، عێراق لە چەند روویەکەوە جیاوازە لە
ئەفغانستان.
بە برواى بیلال وەهاب، عێراق خاوەنى دامەزراوەى نیشتیمانى بەهێزە لەو روەوە
مێژویەکى هەیە، ئەمە جگە لەوەى لەسەر ئاستى هەر دووپارتەکەى ئەمەریکا پشتیوانیەک
هەیە بۆماوەنەوەى ئەمەریکا لە سەرۆکایەتى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش و
رێگریکردن لەسەرهەڵدانەوەى ئەوگروپە لە عێراق.
هۆکاریکى تر کە زۆربەى عێراقییەکانى زیاتر ترساندوە و واى کردوە کە لە
داهاتویان دڵنیا نەبن، ئیدارەى ئێستاى ئەمەریکایە، چونکە بەشێکى ئەوتیمەى کە
بڕیاریاندا لەساڵى (2011) هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق بکشێننەوە گەڕاونەتەوە
بۆکۆشکى سپى.
بۆئەوەى سیناریۆکەى ئەفغانستان لەعێراق دووبارە نەبێتەوە، پێویستە حکومەتى ئێستاى عێراق پێداچونەوە
بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بکات و
بیپارێزێت، لە کاتێکدا ئێران و بریکارەکانى لە عێراق دەیانەوێت کۆتایى پێبهێنن
ئەوەش لە رێگاى دەرکردنى تەواوى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق.
جموجۆڵەکانى داعشیش هۆکارێکى دیکەى نیگەرانى عێراقییەکانە بەتایبەتى کە لەگەڵ بڕیارى کشانەوەى هێزە
شەڕکەرەکانى ئەمەریکا جموجۆڵەکانیان زیادى کردوە بەتایبەتى لەو ناوچانەى کەپێشتر
لەژێر دەستیاندا بووە، بەردەوامى جموجۆڵەکانیشان سەرەڕاى ئەوفشارە لەلایەن هێزە
ئەمنیەکانى عێراق بۆ لەناوبردنیان هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە ئەو گروپە تواناى
سەرهەڵدانەوەیان هەیە.
راپۆرت؛ وریا فەتاح
821 جار خوێندراوەتەوە