تەندروستی جیهانی ڕێگاكانی خۆپارێزی لە جۆرە نوێكەی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

KNN : Kurdish News Network
03:11 - 20/08/2021
تەندروستی
+
-

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژانە لەڕێی ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیاوە، ڤیدیۆ و ئینفۆگرافیكی نوێ لەبارەی زانیارییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و  ڕێكارەكانی خۆپارێزی بڵاودەكاتەوە.

تەندروستی جیهانی ئاشكرای دەكات، تەواوی جیهان لەژێر مەترسی ڤایرۆسێكی كارەساتباردان، بۆیە پێویستە ڕێكاری جیاواز بۆ ڕوبەڕوبونەوەی و خۆپارێزی بگیرێتەبەر.

لە زانیارییەكانی ڕێكخراوەكەدا باس لە سێ هۆكاری سەرەكی كراوە كە وادەكات كەسێك بڕیار بدات ڕێكاری خۆپارێزی بگرێتەبەر، بەتایبەت ئەگەر لە شونێكدابێت ڤایرۆسی كۆرۆنا تێدا بڵاوبوبێتەوە.

ئەو سێ هۆكارەی ڕێكخراوەكە باسی كردووە بریتین لە (شوێن، ماوەی نێوان تاكەكان لەو شوێنەدان، لەگەڵ ماوەی مانەوەی كەسەكە لە شوێنەكە) كە بەپێی ئەوانە ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسەكە دەگۆڕێت.

پسپۆڕانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەكەن، شوێنە كراوەكان ئەوانەی دیوار و سەقفیان نییە، زۆر باشتر و تەندرست ترن لە هۆڵی داخراو یاخود ئەو شوێنانەی بچوكن و شوێنی هەواگۆڕكێیان نییە.

سەبارەت بە ماوەی نێوان كەسەكانیش پسپۆڕەكان پێیانوایە، دەبێتە هەر كەسێك دوو مەتر لە كەسێكی دیكەوە دووربێت، بەو شێوە خودی كەسەكە و ئەوانەی دەوروبەریش لە ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسەكە پارێزراو دەبن.

ماوەی مانەوەش واتە تا كەمتر لە شوێنێك بمێنیتەوە كە كەسانی دیكەی لێیە پارێزراوتر دەبیت و ئەگەرى توشبوون بە كۆرۆنا كەمتر دەبێت.

 

كوتان و بەكارهێنانی دەمامك
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی جەخت دەكاتەوە لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، كە بەگرنگترین ڕێكاری خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دادەنرێت.

ڕێكخراوەكە ئاماژە بەوەشكردووە، سەرجەم جۆری ڤاكسینەكان بەشێوەیەكی ورد و فراوان تاقیكراوەنەتەوە و هەمووان پارێزگارییەكی تەواو بە لەش دەبەخشن، بەجۆرێك ئەگەر كەسێك توشیش بێت ڤاكسینەكە ڕێگر دەبێت لەوەی بە قورسی نەخۆشییەكە بگرێت و بەهۆی كاریگەرییەكانییەوە كەسەكە گیان لەدەستبدات.

بۆ كەمكردنەوەی مەترسیش لەسەر كەسانی دەوروبەر، تەندروستی جیهانی داوای بەردەوام بەستنی دەمامك دەكات، لەگەڵ گرنگی هەڵبژاردنی جۆرێكی باش كە ڕێگربێت لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، ئەمە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بە یەكێك لە جۆرەكانی ڤاكسین خۆیان دەكوتن.
1843 جار خوێندراوەتەوە