ئەو ڕستەیەی عێراقی خستە داوی داگیرکردنی کوەیت

KNN : Kurdish News Network
10:10 - 01/08/2021
ڕاپۆرت
+
-

بەرەبەیانی رۆژی (2)ی ئابی (1990)، سوپای عێراق هێرشیانکردە سەر کوەیت و لەماوەیەکی کەمدا ئەو وڵاتەیان داگیرکرد، روودانی پێکدادانی سەربازی لە نێوان عێراق و کوەیت لەوکاتەدا بۆ جیهان چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام ئەو داگیرکارییە خێرایە نەک چاوەروان نەکرابوو، بەڵکو جیهانى توشی شۆک کرد.

 

ئەمریکا لەسەر ئەرزی واقیع ڕۆڵی گەورەی گێڕا بۆ دروستکردنی رای گشتی جیهانی لە دژی عێراق و ئازادکردنی کوەیت دوای حەوت مانگ لە داگیرکردنی، لەکاتێکدا پێشتر لەرێی کەناڵی دیبلۆماسیەوە عێراقی خستە داوی داگیرکردنی کوەیتەوە.

 

گڵۆپی سەوز یان تێنەگەیشتن لەپەیامی دیبلۆماسی

 
چیرۆکی دیداری نێوان سەدام حسێن و ئەپریل کاسرین گلاسپی باڵیۆزی ئەوکاتەی ئەمەریکا لە بەغدا کە لە رۆژی (25)ی تەمموزی (1990) بەڕێوەچوو واتە هەشت رۆژ بەر لە داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە، سەدام حسێنی یەکلایی کردەوە بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان وڵاتەکەی و کوەیت یەکلایی بکاتەوە بەڵام نەک لە رێی دانوستانەوە، بەڵکو لە رێی داگیرکردنی کوەیت و لکاندنی بە عێراقەوە.

 

بەپێی ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانەی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو دیدارەوە بڵاوکراوەتەوە، لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەمریکا بەسەدام حسێنی راگەیاندوە، وڵاتەکەی دەستوەردان ناکات لە کێشەکانی نێوان کوەیت و عێراق، ئەمەش لەلایەن سەدام حسێن و بەرپرسانی باڵای عێراقەوە وەک داگیرساندنی گڵوپی سەوز بۆ داگیرکردنی کوەیت لێکدراوەتەوە، ئەو لێکدانەوەیەشیان دوای هەشت رۆژ کرد بە کردار و لەماوەی یەک رۆژدا کوەیتیان داگیرکرد.

 

دوای هەشت مانگ لەو دیدارە لە ئازاری ساڵی (1991) گلاسپی لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکادا جەختی کردەوە کە چەند جارێک سەدام حسێنی لەمەترسی داگیرکردنی کوەیت ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام بە شێوازیی دیبلۆماسی نەک بەشێوازی راستەخۆ، ئەوەش بەوپێیەی لە زمانی دیبلۆماسیدا ناتونراێت بەشێوەی راستەخۆ هۆشداری بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا باڵیۆزەکەی ئەمەریکا رەتی نەکردوەتەوە کە لە دیدارەکەیاندا قسەی لەوجۆرەی کردبێت.

 

دوای (18) ساڵ لە داگیرکردنی کوەیت، ئەپریل کاسرین گلاسپی جارێکی تر پەردەی لەسەر ئەو بابەتە هەڵدایەوە، بەڵام بەگێڕانەوەیەکی جیاواز.

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەنی رایگەیاند، هیچ بیرۆکەیەکی لەو جۆرەی بە سەدام رانەگەیاندوە، بەڵام پێی راگەیاندوە کە نابێت دەستوەردان لە کوەیت و هیچ شوێنێکی دیکە بکات.

 

پەیامەکەی ئەپریل کاسرین گلاسپی بەهەر شێوازێک ئاڕاستە کرابێت؛ سەدام و دارودەستەکەی وەک داگیرساندنی گڵۆپی سەوز لێی تێگەیشتن، تێگەیشتنێک؛ کە چارەنوسی عێراقی گۆڕی و لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابڕاند، خستیە ژێر گەمارۆی ئابوری و قەرزێکی زۆرەوە، نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی و تائێستاش کاریگەرییەکانی لەسەر رەوشی سیاسیی ئابوری عێراق ماوەتەوە.

 

راپۆرت/ نەبەز محەمەد

1535 جار خوێندراوەتەوە