سەرکۆماری تونس
بە پاساوى ئەو دۆخە نائاساییەى وڵات تێیدایە، سەرجەم دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی سڕ کرد
و پارێزبەندى لەسەر پەرلەمانتارانیش هەڵگرت، هەروەک سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەشى
لەکارەکەى دورخستەوە. سەرۆکى بزوتنەوەى نەهزەش ئەو بڕیارانە بە کودەتا ناو دەبات.
بەپێی ئەو تۆمارە
ڤیدیۆییەی کە لەلایەن قەیس سەعید سەرۆکایەتی کۆماری تونسەوە بڵاوکراوەتەوە، دوای کۆبوونەوەی
لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکان و فەرماندە باڵاکان و ئەرکانى سوپا، بریاری دوورخستنەوەی سەرۆکوەزیران ھیشام مشیشی و بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی
وەزیران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانێک کە خۆى دایدەنێت، راگەياند.
ھەروەھا قەیس سەعید،
بریاری سڕکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و ھەڵپەساندنی پارێزبەندیی پەرلەمانتارانيشى
دەركردووە.
هەروەک
رونیکردۆتەوە، ئەو بڕیارانە نایاسایى نین و لەگەڵ ماددەى ژمارەى (80)ى دەستورى
تونس دەگونجێت، کە بۆى هەیە بۆماوەى (30) رۆژ سەرجەم دەسەڵاتەکانى پەرلەمان و
سەرۆک وەزیران هەڵپەسێرێت.
لەلایەکى
دیکەوە، راشید غەنوشى سەرۆکى پەرلەمانى تونس و سەرۆکى بزوتنەوەى نەهزە، بڕیارەکانى
سەرۆک کۆمار بە کودەتا ناوبردووە و وتوشیەتى ناکرێت بڵێین ئەو هەنگاوانە لە
چوارچێوەى دەستوردایە.
لەو لێدوانەیدا کە
بە کەناڵەکانى راگەیاندووە، غەنوشى داوا لە خەڵکى تونس دەکات بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنى
دیموکراسى تێکۆشانێکى ئاشتیانە دەستپێبکەن.
هەروەک، دواى
بریارەکانى سەرۆک کۆمار بەشێک لە هاوڵاتیانى تونس ئاهەنگى خۆشى و شادیان گێرا.
ئەوە
لەکاتێکدایە، لەو وڵاتە لە ماوەى رابردودا بەهۆى قەیرانى دارایى و گەندەڵى و
بێکارییەوە، خۆپیشاندانى بەردەوام بەڕێوەچووە.
630 جار خوێندراوەتەوە