پێنج هۆکار بۆ دروستبونى بۆنى ناخۆشى جەستە

KNN : Kurdish News Network
09:36 - 14/07/2021
تەندروستی
+
-

دروستبونی بۆنی ناخۆشی لەش یەكێكە لە حاڵەتە باوەكان بەتایبەت لەوەرزی هاویندا، ئەوەش بێزارییەكی زۆر بۆ خودی كەسەكە و ئەوانەی چواردەوریشی دروست دەكات.

پسپۆڕانی تەندروستی لێكدانەوەی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیە و رونكردنەوە دەدەن لەبارەی دروستبونی بۆنی ناخۆشی جەستە لەكاتی ئارەقكردنەوەدا، باس لەوەش دەكەن، مەرج نییە تەنها لە ئارقكردنەوەدا لەشی مرۆڤ بۆنی هەبێت بەڵكو چەند كێشەیەكی تەندروستی هەیە كە هۆكارن بۆ دروستبونی بۆنی ناخۆش.

یەکەم/ ئارەقكردنەوە: دروستبونی بۆنی ناخۆش لەكاتی ئارەقكردنەوە بەهۆی گەرماوە دەبێت هۆكارەكەشی بونی جۆرە بەكتریایەكە لەسەر پێست.

پسپۆڕەكان ئارەقكردنەوەیان كردووە بە دوو جۆرەوە یەكەمیان بە ئیكرین ناسراوە، بۆنەكە لە دەست و قاچ و سەرەوە دێت، جۆری دووەمیش ئەپۆكرینە كە بریتییە لەو بۆنی ناوچەی سك و كۆئەندامی زاوزێ.

دووەم/ حاڵەتی دیكە هەیە كە بریتییە لە زۆر ئارەقكردنەوەی ناسروشتی، ئەمە لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا بۆنی ناخۆشی نییە، بەڵام لەهەندێك كاتدا بۆن دروست دەبێت بەتایبەت بەهۆی بەكتریاكانی سەر پێست.
ئەم جۆرە ئارەقكردنەوە چارەسەر دەكرێت لەڕێی بەكارهێنانی دەرمان و تەواوكەرە خۆراكییەكانەوە.

سێیەم/ چالاكییەكانی غودەی دەرەقی: زۆرجار ئەوانەی غودەی دەرەقییان هەیە گرفتی بۆنی ناخۆشی جەستەیان هەیە، چونكە زۆرجار غودەكە گۆڕانكاری لە چالاكی ئارەقكردنەوەكەدا دەكات، بەجۆرێك هەندێك ڕۆژ بێ ئەنجامدانی كارێكی زۆر بۆنی ناخۆش لە لەشەوە دێت.

چوارەم/ نەخۆشی شەكرە: یەكێكە لە هۆكارەكانی دروستبونی بۆنی ناخۆش، ئەوەش بەهۆی زیادبونی ڕێژەی كلوكۆز لە خوێندا، كە كاریگەری لەسەر ئەركی ئەندامەكانی لەش دەبێت.

پێنجەم/ تێكچونی میتاپۆلیزم: حاڵەتێكی پزیشكییەوە بەهۆی تێكچونی میتاڵزمی خۆراك لە جەستەدا دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكشكانی پێكهاتە كیمیاییە جیاوازەكان و بۆنی ناخۆش دروست دەبێت، بەتایبەت لە كەسەكەدا هەست بە بۆنی سارد یاخود بۆنی ماسی دەكرێت.

2908 جار خوێندراوەتەوە