وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رونکردنەوە لەبارەى نیگەرانى وەزیرى دارایى هەرێم دەدات

KNN : Kurdish News Network
04:22 - 30/06/2021
کوردستان
+
-

دوای کۆبوونەوەی حکومەت و پەرلەمان، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان نیگەرانی دەردەبڕێت و پێیوایە بە رێککەوتنی پێشوەخت موزایەدەی سیاسی لە کۆبوونەوەکەدا کراوە و بزوتنەوەی گۆڕان لەو موزایەدە سیاسییەدا کراوەتە ئامانج.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بە (KNN)ى راگەیاند، نیگەرانی وەزیری دارایی و ئابوری لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێیوایە لە رێگەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە رێککەوتنی پێشوەختە کراوە و هەوڵدراوە موزایەدەیەکی زۆر بکرێتە سەر تیمی حکومەت و بەتایبەتیش خودی وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی ئەویشەوە بە ئامانجگرتنی بزوتنەوەی گۆڕان، لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان باش دەزانێت لێبڕینی مووچە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی حکومەت لێی بەرپرسن.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی: نیگەرانییەکانی وەزیری دارایی لەرێگەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە شێوەیەکی فەرمى گەیەندراوە بە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت.

3272 جار خوێندراوەتەوە