محەمەد نەسرەدین: تائێستا (118) پۆستى ئیدارى لە کەرکوک لە کورد سەندراوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:45 - 12/06/2021
کوردستان
+
-

چاودێرێکى سیاسى رایدەگەیەنێت، گرفتەکانى کورد لە کەرکوک زۆرە و چارەسەرکردنیان پێویستى بە کۆدەنگى و هەوڵى جدى لایەنە سیاسیە کوردیەکان هەیە، دەشڵێت: تائێستا (118) پۆستى ئیدارى لە کەرکوک لە کورد سەندراوەتەوە.

محەمەد نەسرەدین، چاودێرى سیاسى لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (گفتوگۆى هەفتە)ى رادیۆى دەنگى گۆڕاندا، باسى لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کرد و رایگەیاند، کورد لە کەرکوک گرفتى هەمەجۆرى هەیە و پێویستە چارەسەرى بەپەلەى ئەو گرفتانە بکرێت.

وتیشى؛ لە کەرکوک کێشەى خزمەتگوزارى زۆرە و چەندین پڕۆژەى خزمەتگوزارى گەورە هەیە بە تایبەت لە ناوچە کورد نشینەکان کە پێویست بوو زوو تەواو بکرایە، بەڵام تائێستا بە تەواونەکراوى ماونەتەوە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا محەمەد نەسرەدین ئاماژەى بەوەکرد، تائێستا (118) پۆستى ئیدارى لە کەرکوک لە کورد سەندراوەتەوە، چەندین گرفتى جۆراوجۆر لە کەرکوک بوونى هەیە، چارەسەرکردنى ئەم کێشانە خەمساردیەکى زۆرى دەسەڵاتى سیاسى کوردى پێوەدیارە.

دەشڵێت: چارەسەرى کێشە گەورەکانى کورد لە کەرکوک، پێویستى بە هەوڵى گشتى و کۆکردنەوەى سەرجەم تواناکان هەیە بەتایبەت هەوڵى نوێنەرانى کورد لە پەرلەمان و حکومەتى عێراق و سەرجەم ئەو پۆستانەى کارى تێدا دەکەن، لەگەڵ ئەوەش پەیوەندى لایەن سیاسیە کوردەکان لەگەڵ لایەنى عەرەبى.

لەبارەى هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق و بەشدارى کورد لەو هەڵبژاردنە، محەمەد نەسرەدین رایگەیاند، دەبێت کورد بە هەموو توانایەکەوە هەوڵى بەشداریەکى کارا بدات لە هەڵبژاردنەکەدا و رێگە نەدات توشى ئەو شکستانەببێت کە لە رابردودا بە هەر هۆکارێک روبەڕوى کورد بوەتەوە، چونکە پاشەکشکردنى دەنگى کورد لە کەرکوک چارەسەرى گرفتەکان ئاڵۆزتر دەکات و پێویستە لایەنە کوردیەکان بە بڕیار و گوتارى سیاسیان دەنگدەرى کورد لەو شارە ئاشتبکەنەوە.

415 جار خوێندراوەتەوە