جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان دەستپێکردنى پرۆژەیەکى راگەیاند کە
هاوکار دەبێت بۆ گەیاندنى خزمەتگوزارى بۆموچەخۆران، ئاماژە بۆئەوەش دەکات کە وەزیرى
دارایى هەمیشە جەخت دەکاتەوە لەوەى کە موچە بەپێى سیستمى بایۆمەترى دابەش بکرێت.
بەپێى راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمرۆ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك
وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە تایبەت بوون بە لایەنەكانی پەیوەست
بە سیستمی بایۆمەتری.
لەوكۆبوونەوەیەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، بە ئاڕاستەی
دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی حکومی هەرێم لەڕێی بانکەوە، هەنگاوی باشمان بڕیوە.
ئاماژەی بەوە شكرد كە وەزیری دارایی وئابوری هەمیشە جەختی لەوە كردۆتەوە لەسەر
بنەمای بایۆمەتری موچە دابەش بكرێت.
بەپێى راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دران لەبارەی پرۆسەی
دابەشکردنی مووچە و میلاکات و ڕێکخستنەوەی پەیكەری حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی قۆناغی
دووەمی بایۆمەتری.
هەر لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانى، دەستپێکردنی دروستکردن و دابەشکردنی ( ژمارەی بێهاوتای کەسی) ڕاگەیاند کە بریتییە لە ژمارەیەکی تایبەت بە هەر
مووچەخۆرێک و هاوکار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان
کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلکترۆنی بکرێت.
جەختیش کرایەوە کە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی هەرێم لەسەر بنەمای
داتاکانی بایۆمەتری بێت وەک لەیاسای چاکسازییدا هاتووە.
644 جار خوێندراوەتەوە