لەگەڵ ئەو دۆخە سەختەی زیاتر لە (10) ساڵە
سوریای پێدا تێدەپەڕێت، بۆ دووەمجار لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئەو وڵاتە، ڕۆژی 26
ئایار ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمجامدرا.
هەڵبژاردنەكە تەنها لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی
ڕژێمی سوریا بەڕێوەچوو، كاندیدەكانیش بریتیبوون لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، عەبدوڵا
سەلوم عەبدوڵا ئەندامی یەكێك لە حزبە هاوپەیمانەكانی حزبی بەعس ، هەروەها مەحمود مەرعی
كە ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بوە.
شەوی پێنج شەممە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە ڕاگەیاندرا
و بەشار ئەسەد (95٪) دەنگەکانی بەدەستھێنا، بەوەش بۆ جاری چوارەم بە سەرۆک ھەڵبژێردرایەوە.
ھونەرمەندانی سوریا کە بەشێکیان لە دیارترین
ئەستێرەکانی عەرەبن لە ھەڵبژاردنەکەدا ڕۆڵی خۆیان ھەبوو، بەشێکیان بە ئاشکرا پشتگیری
ئەسەدیان کرد، بەشێکیان بێدەنگیان ھەڵبژارد و ئاشکرایان ناکرد دەنگیان بەکێ داوە.
ئەکتەری دیاری سوری ئەیمەن زەیدان لە ھەرێمی
کوردستان با کارەکتەری جەمیل لە درامەی جەمیل و ھەنا ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، بە
ئاشکرا پشتگری ئەسەدی کردووە و دەڵێت "پشتگری ئەو کەسە دەکەم 10 ساڵە سوریای
جێنەھێشتووە و ڕاینەکردووە، لەکارەکەی بەردەوام بووە ھەرچەندە چەکدارەکان ھاتنە
ناوەڕاستی دیمەشق".
شوکران مورتەجیش یەکێکە لە پشتگیریکارە سەرسەختەکانی
ئەسەد و داوای لەخەڵک کردبوو دەنگی پێبدەن، سۆزان نەجمەدینێش کە لە دەرەوەی سوریا
دەژی، لە کونسوڵخانە لە دوبەی دەنگیداوە و یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی بە ئاشکرا
پشتگیری ئەسەد دەکات.
چەند ھونەرمەندێکیش بڕیاریاندا بێدەنگ بن و
کۆمێنتیان لەسەر پرۆسەکە نەبێت، لەوانە تەیم حەسەن کە لە ھەرێمی کوردستان بە جەبەل
ناسراوە، باسل خەیات و کاریس بەشار.
قوسەی خەولی لە سەرەتای جەنگی سوریاوە پشتگیری
بەشار ئەسەدی کردووە، بەڵام ئەمجارە بێدەنگی ھەڵبژارد.
ئەستێرەی ناسراوی عەرەب ئەساڵە لەگەڵ ئەکتەری
دیار مەکسیم خەلیل لەسەرەتای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانەوە بەرھەڵستکارێکی سەرسەختی
ڕژێم بوون، بۆ ھەڵبژاردنەکانیش بە باش و خراپ لێدوانیان لەبارەوە نەدا و بێدەنگیان
ھەڵبژارد.
باسم یاخور و سولاف فەواخرجی و سولافا معمار
بەشداری ھەڵمەتی بانگەشەی ئەسەدیان کردووە بە ئاشکرا دەنگیان پێداوە.
1433 جار خوێندراوەتەوە