فەرماندەیەکی پێشمەرگە ژمارەی تیرۆرستانی داعش لە سنوری قەرەچوخ ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
04:38 - 11/05/2021
کوردستان

فەرماندەیەکی پێشمەرگەلە قەرەچوخ  رایدەگەیەنێت؛ داعش لاواز بووە و توانای مانەوەی لە شوێنەکاندا نەماوە، دەشڵێت: لە سنورەکە ژمارەیان چەند سەد چەکدارێکە.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی ھێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەرەچوخ بە دیجیتاڵ میدیایی(KNN)ی راگەیاند: لەئێستا تیرۆرستانی داعش لە و پەڕی لاوازی بوونن، ژمارەی چەکدارەکانیان لە سنوری قەرەچوخ و مەخمور، بۆ نزیکی (150) چەکدار کەمی کردووە.

باسی لەوەشکرد، داعش ئێستا لە ھێرشەکانیدا پشت بە ھێرشی ترسنۆکانە دەبەستێت، ھێرشێک دەکات و دەگەڕێتەوە، لە ھەمان کاتدا سود لە قەناس، دروبینی شەو، بۆمبی چێندراو وەردەگرێت.

 دەشڵێت: بەرپرسان ھێزی تایبەت و مەشق پێکراوییان ھەیە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، بەڵام بەشێکی ھێزی پێشمەگە تاکو ئێستا مەشقی پێنەکراوە ئەمەش زیانەکانی لە بەشێک لە ھێرشەکاندا زیاتر کردوە.

سەبارەت بە شێوازی دابەشبونى ئەو چەکدارانە، غازی فەیسەڵ ئاشکرای کرد، تیرۆرستانی داعش بە گروپی چەند کەسی بچوک دابەش بوون، کە ھەر گروپێک شەش بۆ حەوت چەکدارن لە ھەندێک شوێنیش لەو ژمارەیە کەمترن ژمارەیان دەگاتە گروپی دوو چەکداری، ئەمەش لە ترسی بۆردومانی ھاوپەیمانان دژ بە پێگەکانیان لە سنورەکە.

فەرماندەکەی ھێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەرەچوخ ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارانی داعش بۆ خوشاردنەوە سود لە ناو زەل و قامشەڵانی سنورەکە و چیایی قەرەچوخ و گوندە چۆڵەکان وەردەگرن.

بەوتەى غازى فەیسەڵ، لە سنورەکەی ئەوان تەنیا ھێزە خۆبەخشەکەی ئەوان ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ھەیە، ھەر بۆیەش ئامادەکارییان کردوە لە کاتژمێری سفردا ھێرشی بەرفراوان بکەن سەر پێگەکانی داعش لە سنورەکە.

ئەوە لە کاتێکدایە، داعش لە ساڵی (2014) ھێرشەکانی بۆ سەر عێراق و دەشتی نەینەوا و سنوری مەخمور و قەرچوخ دەستپێکرد، بە سود وەرگرتن لە لاوازی سوپای عێراق توانی ناوچەیەکی فراوانی سنورەکە داگیر بکات، ھەرچەندە بە فەرمی ئازاد کردنی ئەم ناوچانە لەلایەن حکومەتی عێراق و ھەرێمە راگەیەندراوە، بەڵام ئێستاش لە سنوری ناوچە جێناکۆکەکان، تایبەت سنوری قەرەچوخ ھێرشی پچڕ پچڕ ئەنجامدەدات، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاگری بەردایە بەشێک لە دانەوێڵەی جوتیارانی سنورەکە و بە ھۆیەوە بەشێک لە گەنمی جوتیارانی سنورەکە سوتا.

818 جار خوێندراوەتەوە