دواى ئەوەى دوێنێ لەسەر پردى وڵوبەى شارى
سلێمانى کچێکى تەمەن (20) ساڵ خۆى هەڵدایە خوارەوە و گیانیلەدەستدا، پۆلیسى
سلێمانى دەڵێت: ناسنامەکەمان ئاشکرا کردووە و دانیشتوى گەڕەکى هوانەى شارى
سلێمانییە.
لە راگەیەنراوێکدا، پۆلیسى سلێمانى رایگەیاند: دواى
ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، كچێك لەسەر پردی وڵوبەی شاری سلێمانی خۆی هەڵدایە خوارەوەو
گیانی لەدەستداو ناسنامەكەی نادیاربو، سەرجەم بەش و بنكەكانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردران كە بەدواداچونو لێكۆڵینەوەی خێرا بۆ
ئاشكراكردنی ناسنامەی قوربانییەكەو هۆكاری رووداوەكە ئەنجامبدەن.
دەشڵێت: دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، ئێوارەی هەمان
رۆژ توانرا ناسنامەی كچەكە ئاشكرا بكرێت و دەركەوت كچەكە ناوی (م، أ، م) و لەدایكبووی
ساڵی (2001)ە و پیشەی خوێندكارەو دانیشتوی گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانییە.
پۆلیس ئەوەشى ئاشکراکردووە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان
كچەكە سەرلەبەیانی دوێنێ بەمەبەستی چونی بۆ خولێك لەگەڵ براكەیدا لەماڵ چۆتە دەرەوەو
پاش جیابونەوەی لەبراكەی چۆتە سەر پردی وڵوبە و خۆی هەڵداوەتە خوارەوەو بەوهۆیەوە
گیانی لەدەستداوە.
لەئێستادا لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ ئاشكراكردنی
هۆكاری رووداوەكە بەردەوامە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوه بۆ
ڕوداوەكە كراوەتەوە.
5506 جار خوێندراوەتەوە