ڕێكخراوی كاری
جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، 28 نیسانی وەك ڕۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی
لە شوێنی كار دیاركردووە، بۆ هۆشیاركردنەوەی زیاتر لەبارەی ئەو مەترسیانەی كە ڕەنگە
لەشوێنی كاردا لەسەر كرێكار و فەرمانبەران و ئەو كارمەندانە دروست بێت كە لەشوێنە جیاوازەكان
كاردەكەن.
ڕۆژەكە لەساڵی
2003وە و هەر جارەی لەژێر ناونیشانێكدا یاد دەكرێتەوە، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی ڕابرود
بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی جیهانی تێدایە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرنانەوە، یادەكە
تایبەت كراوە بە بڵاوبونەوەی نەخۆشی لە شوێنی كار و دروشمەكەشی بریتییە لە "بۆ
وەستاندنی پەتاكە، سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی كار، هەناسەكان دەپارێزێت".
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیامێكیدا بەبۆنەی ڕۆژەكەوە ئاماژەی بەوەكردووە،
وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو ئاڵەنگارییە گەورەیەی حكومەتی وڵاتان و
كەسانی خاوەن كار و هەموو چین توێژەكانی كۆمەڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە تێیكەوتوون،
یادی ئەمساڵ تایبەتە بە چارەسەرێكی بۆ ڕێگری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەوشێنی كاردا،
بە تایبەت نەخۆشی كۆڤید 19.
ڕێكخراوەكە نیگەرانی
خۆی لە هەڵكشانی بەردەوامی ئامارەكانی كۆرۆنا دەربڕیوە، كە كاریگەری لەسەر چالاكییە
ئابوریی و مرۆییەكان هەبووە، هاوكات چەندین كەس لە شوێنی كارەكەیان توشی نەخۆشییەكە
بوون.
جگە لە دۆخی كۆرۆنا،
بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی كاری جیهانی ژمارەیەكی زۆر لە كرێكاران لە شوێنێكی تەندروست
و سەلامەتدا كارناكەن و بەدەوام ژیانیان لە مەترسیدایە، هەروەها مەترسی بڵاوبونەوەی
نەخۆشی گواستراوە لەو شوێنانەی هەیە، زۆرینەی ئەو كەسانەش لە وڵاتانی جیهانی سێهەمن
و لە دۆخێكی خراپی ئابوریدا ژیان بەسەر دەبن.
لەهەرێمی
كوردستانیش ساڵانە چەندین كەس دەبنە قوربانی نەبونی سەلامەتی لە شوێنی كاردا، بەتایبەت
كرێكاران كە بەهۆی كەوتنە خوارەوە و داڕمان و چەند هۆكارێكی دیكە لەكاتی كاریكردندا
گیانلەدەست دەدەن یاخود كەمئەندام دەبن.
ئەوەش دۆخی ئەو
كرێكارانە قورستر دەكات، نەبونی موچە و خانەنشییە تا دوای ئەو ڕووداوە مافی بۆ خێزانەكانیان
بگێڕێتەوە یاخود ئەوانەی توانای كاركردنیان نامێنێت، ژیانێكیان بۆ دەستەبەر بكات.
سەرجەم ڕێكخراو
و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێویستی دەزانن لەشوێنی كاركردندا چەند مەرجێك جێبەجێ
بكرێت، بەتایبەت بۆ ئەو شوێنانەی كارەكەی قورس و مەترسیدارە، هەروەها دەبێت پەیڕەوی
چەند خاڵێك بكرێت، بەتایبەت دانانی رێنمایی بۆ سەلامەتی كرێكار و فەرمانبەران هەروەها
دابینكردنی ئەو كەرەستانە بۆ سەلامەتی لە شوێنی كاردا پێویستە، ئەمە جگە لەوەی دەبێت
لایەنە پەیوەندارەكان پشكنین ئەنجام بدەن بۆ ئەو شوێنانەی كاری تێدا دەكرێت و
بزانرێت تا چەند خاوەنكار پابەندە بە ڕێنماییە سەرەكییەكانی كاركردنەوە.
747 جار خوێندراوەتەوە