ئەم چوار خواردنە لە پارشێودا کێشی لەش دادەبەزێنێت

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 25/04/2021
تەندروستی
+
-

زۆرن ئەو كەسانەی دەیانەوێت مانگی ڕەمەزان بكەنە دەرفەتێك بۆ دابەزاندنی كێشی لەشیان، بۆئەوەش پسپۆڕانی تەندروستی ڕێنمایی خۆیان هەیە، بەتایبەت ئەگەر كەسەكە لە ژەمی بەربانگدا بەهۆی هەمەچەشنی جۆری خواردنەكان كەسەكە نەتوانێت كۆنترۆڵی جۆری خواردنەكانی بكات.

 

شارەزایانی بواری خۆراك جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی ژەمی پارشێو بەتایبەت بۆ ئەوانەی هەوڵی دابەزاندنی كێش دەدەن، پێویستە ئەو خۆراكانەی تێدا بێت كە وزە و ئاوی پێویست بە لەش دەبەخشن، لەهەمان كاتدا چەور نین و نابنە هۆی زیادبونی كێشی لەش.

بۆ ژەمی پارشێو ئەو خۆراكانە گرنگن كە دەوڵەمەندن بە كاربۆهیدرات و شلەمەنی و ماددەی ڕیشاڵی، بۆیە بەشێویەكی گشتی لە چوار جۆری خواردندا كورتكراونەتەوە ئەوانیش بریتین لە:

 

1- ماست: خواردنی قاپێك ماست هۆكارە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، چونكە چەندین سەرچاوەی گرنگی خۆراكی تێدایە، لەوانە كالسیۆم و پۆتاسیۆم پرۆتین و ڤیتامین بی، هەروەها شلەمەنی پێویست بۆ ڕۆژ دابین دەكات.

 

2- شۆفان: یەكێكە لە دانەوێڵە گرنگەكان بۆ دابەزاندنی كێش، خواردنی لە پارشێودا وزە بە لەش دەبەخشێت، هەروەها كۆنترۆڵی ئاستی كلوكۆزی خوێن دەكات، ئەگەر لەگەڵ میوەدا بخورێت زۆر گونجاوە بۆ كەمكردنەوەی كێشی لەش و پێكەوە هەموو ماددە پێویستەكانی لەش دابین دەكەن.

 

3- سەوزە و میوە: خواردنیان لە ژەمی پارشێودا سودێكی زۆری هەیە، بەتایبەت ئەوانە دەوڵەمەندن لە ماددە ڕیشاڵییەكان وەك خەیار، كاهوو، مۆز و سێو.

 

4- نانی بۆر: خواردنی لە پارشێودا بۆ دابەزاندنی كێش زۆر گرنگە، چونكە بۆ ماوەیەكی زۆر هەستی تێربوون دەبەخشێت، هاوكات لەلەشدا ناگۆڕێت بۆ شەكر و چەوری.

4039 جار خوێندراوەتەوە